وەزیری پێشمەرگە: هەوڵدەدەین ساڵانە دوو خشتەی پلە بەرزکردنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بنێرین

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی پرسی پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە و ئەفسەران بچێتە سەر رێرەوی خۆی و لەکاتی خۆیدا بکرێت، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دوو خشتەیان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە  و چاوەڕوانن رەزامەندی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی دوو خشتەی دیکە رەوانە بکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 25-4-2022، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لەبەردەم ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتەکەی روونکردنەوەی لەبارەی پرسەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران (تەرقیە)و ژمارەیەک پرسی دیکە دا.
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتی: "هەموو هەوڵ و توانایەکمان ئەوەیە پلە بەرزکردنەوە بچێتە سەر سکەی خۆی و لەکاتی خۆیدا هەموو ساڵێک دوو خشتە پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، بەڵام تائێستاش نەتوانراوە ئەمە بکرێت. خشتەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەنجووومەنی وەزیرانە و پێموایە لەوێش چووە،  دەمانەوێت ئەمە تۆزێ خێراتریش بکەین، بەڵام تائێستا نەمانتوانیوە هی هێزەکانی حەفتا و هەشتا بنێرێن، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کە رەنگە پەیوەست نەبێت بە وەزارەتی پێشمەرگەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 25-4-2022،  لیوا قارەمان  کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە و ئەفسەران گوتی: "ئێمە خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانمان بۆ ساڵانی 2018 و 2019 بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە و چاوەڕوانین وەڵاممان دەستبکەوێت و تەواو بکرێت بۆ ئەوەی خشتەیەکی دیکەی ئەفسەران تایبەت بە ساڵانی 2020 و 2021 بنێرین."
 
پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە دوای راوەستانی بۆ ماوەیەک دەستیپێکردەوە و سەرەتای ساڵی 2021 پلە بەرزکردنەوەی ساڵی 2017 دەستپێکرد.
 
لە نووسراوێکدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە رۆژی یەکشەممە 16-01-2022  پلەبەرزکردنەوەی زیاتر لە 5787 پلەدار و پێشمەرگەی راگەیاند.