گۆڕان (باڵی گردەکە): کەس بۆی نییە بەناوی گۆڕانەوە قسە بکات


رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی گردی زەرگەتە) دەڵێت، بەهۆی تەواونەکردنی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی، بە هیچ شێوەیەک کەسێک بۆی نییە بەناوی رێکخەر، بزووتنەوەی گۆڕان و لۆگۆی گۆڕانەوە قسە بکات و هیچ کارێک ئەنجام بدات.
 
بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی گردەکە) راگەیێندراوێکی لەسەر کۆنفرانسی نیشتمانیی ئەمڕۆ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، کەمتر لە 50٪ـی ئەندامان ئامادە بوون، بۆیە "بە فەرمی داوامان کردووە کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کە لە 5ی 4ی 2025 بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام درا، پەسەند بکرێ".
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "بەپێی بڕیار و نووسراوی فەرمیی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، بە ژمارە (ش.ح/خ/ 875)، لە رێککەوتی 26ـی مارسی 2025، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ژمارە (1) لە کۆنووسی ئاسایی (9) رێککەوتی 4ی مارسی 2025، رۆژی 5ی نیسانی 2025، لە گردی زەرگەتە کۆنفرانسێکی نیشتمانی بۆ گۆڕان ئەنجامدراوە و کۆی مەرجە یاساییەکان جێبەجێ کراون".
 
هەروەها هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "بە نووسراوی فەرمیی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، ژمارە (ش.ح/خ/ 957)، رێککەوتی 13ی نیسانی 2025 و بە بڕیاری (1)، کۆنووسی نائاسایی (48) رێککەوتی 11ی ئەیلوولی 2024، لە بەرواری 10ی نیسانی 2025، ماوە یاساییەکانی کۆمیسیۆن کۆتایی هاتووە و بەم پێیە ویلایەتی رێکخەری پێشووی گۆڕان و بریکارنامەکەی کۆتایی هاتووە".
 
"هیچ کەسێک بۆی نییە بە ناوی گۆڕانەوە قسە بکات"
 
لە خاڵی چوارەمی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی تەواونەکردنی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی، بە هیچ شێوەیەک کەسێک بۆی نییە بە ناوی رێکخەر، بزووتنەوەی گۆڕان و لۆگۆی گۆڕان قسە بکات و هیچ کارێک ئەنجام بدات."
 
بانگەوازێک بۆ یەکگرتنەوە
 
بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "بەرنامەی سیاسی گۆڕان و دەستووری ناوخۆی و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بنەمای کار و چەتری کاری رێکخراوەیمانە. داوا لە هەموو گۆڕانخوازانی دڵسۆز دەکەین، بەو بەڕێزانەی لەو کۆنفرانسەی ئەمڕۆ ئامادەبوون، گردی زەرگەتە ماڵی هەر هەموو ئەو بەرێزانەیە کە رۆژێک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان تێکۆشاون، هێڵی سوورمان لەسەر هیچ کەسێک نییە کە بڕوای بە گۆڕانکاری و دیموکراسیەتی حزبی هەیە و هەموومان دەتوانین بەیەکگرتووی و یەکخستنی تواناکانمان بەیەکەوە کار بۆ ئامانجە رەواکانمان بکەین. ئێستا کاتی یەکخستنەوەی تواناکانمانە لە سایەی رێبازی راستەقینەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بزووتنەوەی گۆڕان بڕوای بە ئازادیی رادەربڕین و رەخنەی بونیادنەر هەیە بۆ گەشەپێدان و کۆتایهێنان بەناکۆکییەکان".