لیلا کۆزمەتیک؛ لە ئامەدەوە بەرهەم رەوانەی 55 وڵات دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای "لیلا کۆزمەتیک" کە ناوەندەکەی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستانە، جارێکی دیکە لە پارێزگای ئەنتاڵیا سەرنجی میدیا و بازرگانانی بۆ لای خۆی راکێشا. کۆمپانیاکە کە ئێستا یەکێکە لە زلهێزەکانی بواری جوانکاری لە ناوچەکەدا، 12یەمین خولی فێستیڤاڵی "لیلافێست"ـی سازکرد، کە تێیدا نوێترین داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی خۆی لە بواری جوانکاریدا نمایش کرد.
لیلا کۆزمەتیک تەنیا ناوێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەرهەمەکانی دەگەنە 55 وڵاتی جیهان. لە فێستیڤاڵی ئەم ساڵدا، کۆمپانیاکە بەرهەمێکی شۆڕشگێڕانەی ناساند؛ بۆیەیەکی نوێی قژ کە کاتی رەنگکردنی لە 40 خولەکەوە بۆ تەنیا 10 خولەک کەم کردووەتەوە.
زوهرە جەریت، کارمەندی لیلا کۆزمەتیکە و دەڵێت، "ئێمە ئەم ساڵ بۆ 12یەمین فێستیڤاڵی لیلافێست کۆبووینەتەوە. لە تورکیا و لە دەرەوەی تورکیاوە زۆر لە کڕیارەکانمان هاتوون. فێستیڤاڵەکەمان زیاتر وەک ئاهەنگێک بەڕێوەدەچێت. بەیانی زوو تۆپی پێ هەبوو، یاریی 'سێرڤایڤەر' هەیە، هەوڵ دەدەین میوانەکانمان کاتێکی خۆش بەسەر ببەن".
جگە لە لایەنە کاتبڕەکەی، کۆمپانیاکە لە رێگەی کارمەندانییەوە جەخت لەسەر لایەنی تەندروستی و پاراستنی قژ دەکاتەوە، بەتایبەت بۆ وەرزی هاوین کە قژ زیاتر رووبەڕووی تیشکی خۆر و ئاوی دەریا دەبێتەوە.
ئەلیان ئەفرا تورککان، کارمەندێکی دیکەی لیلا کۆزمەتیکە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئێمە بە بەرهەمەکانمان ئامادەکاری بۆ هاوین دەکەین. دەزانن لە هاویندا ژنان بەتایبەتی دەچنە نێو ئاو و پێویستە قژیان لە خۆر بپارێزن. بۆیە بەرهەمی نوێمان بۆ پاراستنی قژ ئامادە کردووە".
بازاڕی هەرێمی کوردستان و عێراق، یەکێکە لە وێستگە هەرە گرنگەکانی ئەم کۆمپانیایە. خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت، نهێنی سەرکەوتنیان لە کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرهەمەکانیان بەپێی تایبەتمەندیی فیسیۆلۆژیی ژنانی ناوچەکە دروست کردووە.
محەممەد جانسز، خاوەنی لیلا کۆزمەتیک باس لەوە دەکات، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان نوێنەرێکی زۆر بەهێزمان هەیە... ئێستا لە کوردستان بەرهەمەکانمان لە شار و گوندەکان دەفرۆشرێن. دەزانن ژنانی کوردستان قژیان ئەستوورە و بۆیەی زۆری دەوێت، ئێمەش بۆ ئەوان لە یەک بەرهەمدا دوو پاکەتمان ئامادە کردووە تاوەکو بتوانن بە ئاسانی قژیان بۆیە بکەن".
نزیکەی 600 بەڕێوەبەری کۆمپانیا و نوێنەری بازرگانی لە وڵاتانی جیاوازی وەک جەزائیرەوە بەشدارییان تێدا کرد، کە وەک "باڵیۆزی مارکەکە" لە وڵاتەکانیان کار دەکەن. بەپێی ئامارەکان، 48%ی کۆی هەناردەی بۆیەی قژ لە سەرانسەری تورکیادا، تەنیا لەلایەن ئەم کۆمپانیایەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش لیلا کۆزمەتیک دەخاتە ریزی پێشەنگی دامەزراوە پیشەسازییەکان.
ئەهلا بیووتی، بەشداربوویەکی جەزائیرییە و نوێنەرەکەیان دەڵێت، "لە جەزائیرەوە هاتووین بۆ بەشداریکردن لە لیلافێست لەگەڵ مارکەی جیهانیی لیلا میکس؛ ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە باڵیۆزی ئەو مارکەیەین لە وڵاتەکەمان".