"سندووقی بیمە و خانەنشینی کرێکاران پارەکەی کەمیکردووە"

رووداو - هەولێر

بەپێی ئامارەکان 72 هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان داوای بیمەی تەندرووستی دەکەن، بەڵام بەگوتەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەهۆی قەیرانی داراییەوە سندووقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە بۆ کۆردنەوەی بیمە و خانەنشینی کرێکاران دروستکراوە، پارەکەی کەمیکردووە. 

لە بەرامبەردا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رەتیدەکاتەوە پارە لە  سندووقی بیمەو خانەنشینی کرێکاران کەمیکردبێت یان نەمابێت ، بەڵکو بانگەشەی ئەوە دەکات پارەکە لە بانک دانراوە و هەر کاتێک کرێکارێک پێویستی بە خانەنشینی یان بیمە بوو بۆی خەرجدەکرێت.

هاوکات بەشێکی دیکە لە  پەرلەمانتارانی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وای دەبینن حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی سندووقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ لاوازکردنی قەیرانی دارایی بەکارهێنابێت.

بەپێی یاسای ژمارە 39ی ساڵی 1971، پارەی سندووقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بیمەی تەندرووستی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و پاداشت و پارەی خانەنشین بۆ کرێکاران دابیندەکات، بەڵام یەکێتی سەندیکای کرێکاران پێیانوایە بەشێکی زۆری یاساکە جێبەجێ نەکراوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2014 تا مانگی ئازاری ئەمساڵ 652 کرێکار خانەنشینکراون، رۆژانە 20 تا 30 کرێکار پاداشتی کۆتایی خزمەت وەردەگرن، بۆ جێگیرکردنی و پاراستنی پارەی سندووقی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەنیازە هەفتانە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئەنجامبدات.