وەزارەتی خوێندنی باڵا فەرمانی دامەزراندنی هەردوو زانکۆی گەرمیان و ئاکرێ دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فەرمانی دامەزراندنی بۆ زانکۆکەکانی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دەرکرد، بڕیاریشە لە دوای بڕیارەکەی وەزارەتەکە دەست بەدروستکردنی لیژنە بۆ دروستکردنی ئەو دوو زانکۆیە و پێکهێنانیان بکرێت.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی بڕیاری دامەزراندنی دوو زانکۆ لە قەزای کەلار لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ دووشەممە، 26-6-2023، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە واژۆی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانى دامەزراندن بۆ زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان و  زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دەرکرد.
 
هەروەها هاتووە، دوای نووسراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دامەزراندنى هەردوو (زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان) و (زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان)، هەروەها پاڵپشت بە فەرمانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و لەبەر رۆشنایى بڕگەى پێنجەم لە مادەى سێیەم و بڕگەى (یەکەم/١) لە مادەى  چوارەم لە یاساى وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى ژمارە 10ـی هەموارکراو، بە فەرمانى وەزارى ژمارە (744) لە رۆژی 22-6-2023، وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاریدا بە:
 
1- دامەزراندن (استحداث)ى زانکۆیەکى حکومى نوێ بەناوى (زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان) کە ناوەندەکەى لە ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان (قەزاى کەلار) دەبێت، هەروەها بەستنەوەى ئەم زانکۆیە بە وەزارەتمان و زیادکردنى بۆ لیستى زانکۆ حکومییەکان، بەپێى بڕگەى (یەکەم/9) لە مادەى حەوتەم  لە یاساى وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى.
 
2- ئەم فەرمانە لە رۆژى دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
سەبارەت بە دامەزراندنی زانکۆی ئاکرێش، نووسراوێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "هەروەها لە فەرمانێکى دیکەى وەزاریدا بە ژمارە (745) لە ڕێکەوتى (2023/6/22) بڕیاریدا بە:
 
1- دامەزراندن (استحداث)ى زانکۆیەکى حکومى نوێ بەناوى (زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان) کە ناوەندەکەى لە قەزاى ئاکرێ دەبێت، هەروەها بەستنەوەى ئەم زانکۆیە بە وەزارەتمان و زیادکردنى بۆ لیستى زانکۆ حکومییەکان، بەپێى بڕگەى (یەکەم/9) لە مادەى حەوتەم  لە یاساى وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى.
 
2-ئەم فەرمانە لە رۆژى دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
لە نووسراوێکدا بە ژمارە 2546 کە رۆژی 19ـی حوزەیرانی 2023 دەرچووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کردنەوەی دوو زانکۆی نوێ لە هەرێمی کوردستان.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە:  "راسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی هەریەک لەو زانکۆیانە و دابینکردنی گشت پێداویستییەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆ پەیوەندیدارەکان بە رەچاوکردنی سەرجەم مەرجە زانستی و یاساییەکان کە لە یاسا و رێنماییەکاندا هاتووە."
 
لە ساڵی 1992ـەوە کەلار پەیمانگەی تەکنیکی هەیە کە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کۆلێژی تەکنیکی و سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، بە کردنەوەی ئەم زانکۆ پۆلیتەکنیکە، پەیوەندی بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی نامێنێت. 
 
لە ئاکرێ کۆلێژی پەروەردە هەیە کە سەر بە زانکۆی دهۆکە و کۆلیژ و پەیمانگەی تەکنیکیش سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆکە، لە ساڵی 2017ـەوە هەوڵی کردنەوەی زانکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانە دەدرێت. 
 
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی کوردستان، لە هەرێمى کوردستان 18 زانکۆى حکومى هەن، هەروەها 18 زانکۆ و لقى زانکۆیى لە شارەکانى کوردستان کراونەتەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا 12 پەیمانگەش بە پسپۆڕیى جیا و بەپێى پێداویستەکانى بازاڕى کار کراونەتەوە.