حیزبی شیوعی: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردن بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازی رۆژی 25ـی شوباتی 2024یان بۆ کردوون بۆئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. دەشڵێت، "کاتەکەمان پێ گونجاوە و لەگەڵ ئەوەین بەزووترین کات هەڵبژاردن بکرێت و دوانەکەوێت."
 
شەوی چوارشەممە، 27-6-2023، هاژە شێخ سلێمان، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانیان کردین و رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024یان پێشنیازکردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی تێدا بکرێت و ئەو پێشنیازەش دەدەنە سەرجەم لایەنەکانی دیکە و دواتر رادەگەیێندرێت."
 
هاژە شێخ سلێمان ئاماژەی بەوەدا، ئەوان وەکو حیزبی شیوعی وادەکەیان پێ گونجاوە و دەڵێت، "نابێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەوە زیاتر دوابکەوێت، پێشمانوایە وادەکە گونجاوە لە رووی کەشوهەواشەوە زۆر سارد نییە، وەکو دەگوترێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-7-2023، شاندێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و دڵشاد شەهاب، راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستانیان لە شاری هەولێر كرد.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێی هەڵبژاردن، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. دەشڵێت، ھێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتییان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، نیشانداوە.
 
رۆژی 24-7-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لە کۆمیسیۆن چاوەڕوانی رێکارەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و مەرسومی سەرۆکایەتی دەکەین بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی دەست بە رێوشوێنەکان بکەین."
 
رۆژی 09-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی 2023 درێژکردەوە، رۆژی 30-05-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."
 
رۆژی 10ـی تەممووز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد، ئەگەر ناتوانن 18-11-2023 هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن، رۆژی 18ـی کانوونی یەکەم و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 18-07-2023 بە نووسراوی فەرمی وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، "پێتان رادەگەیێنین کە کۆمیسیۆن بڕیاری ژمارە 9ـی لە کۆنووسی ئاسایی 24 لە 18-07-2023 دەرکردووە کە تێیدا پێشنیاز دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 18-02-2024، یان دوای ئەو رێکەوتە بکرێت."
 
بەپێی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ژمارەی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە 3 ملیۆن و 641 هەزار دەنگدەر.