پشکی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک لە دامەزراندن بەپێی یاسای بودجە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمساڵ 7 هەزار و 304 کەس لە پارێزگای کەرکووک بەپێی مادەی 66ـی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023ـی عێراق دابمەزرێندرێن. بەپێی ئەو لیستەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ناوەندی پارێزگای کەرکووک زۆرترین دامەزراندنی بەردەکەوێت کە 4 هەزار و 456 کەس دەبێت، ناحیەی شوانیش کەمترین کە تەنیا 53 کەسە.
بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی 66ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، کە بۆ ساڵانی 2024 و 2025ـیشە، 150 هەزار کەس لە 15 پارێزگاکەی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی گرێبەست و بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار دادەمەزرێندرێن، ئەو ژمارەیە بەپێی رێژەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دابەش دەکرێت و پارێزگارەکان دەسەڵاتی گرێبەست و دابەشکردنی ئەو ژمارەیەیان دەبێت کە بەر پارێزگاکانیان دەکەوێت، بەو مەرجەی رێژەی 75٪ـی ئەو کەسانەی دادەمەزرێندرێن لە هەڵگرانی بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس و دیبلۆم بن.
بەپێی ئەو لیستەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و تایبەتە بە دامەزراندن بە گرێبەست لە پارێزگای کەرکووک، ژمارەکان بەمشێوەیە بەسەر قەزا و ناحیەکانی پارێزگاکە دابەشدەکرێت:
نەجوا کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی عێراق پشکی پارێزگاکانی لە دامەزراندن بەگرێبەست بەپێی رێژەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دابەشکردووە، بەپێی ئەو سیستمە، ئەو 150 هەزار کەسەی ئەمساڵ دادەمەزرێنرێن بەسەر پارێزگاکان بەبێ هەرێمی کوردستان دابەش دەکات، پشکی کەرکووک لەو ژمارەیە 7 هەزار و 304 کەس دەبێت، دواتر ئەو ژمارەیە بەسەر قەزا و ناحیەکانی پارێزگای کەرکووک بەپێی رێژەی هەر شوێنێک دابەشکراوە و ئەو ژمارانە دەرچوون."
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "پێشتر لە دامەزراندنی نزیکەی نۆ هەزار کەس بۆ وەزارەتی پەروەردە ستەم لە کورد و تورکمان کرا و بەشێکی زۆری دامەزراندن بۆ عەرەبەکان چوو، رەچاوکردنی رێژەی دانیشتووان و ئەو دابەشکردنەی بۆ گرێبەستەکان دەکرێت، ئەگەر جیاکاری تێدا نەکرێت لە سیستمی وەزارەتی پەروەردە باشتر دەبێت. ئێمە چاودێریی چۆنێتیی دامەزراندن دەکەین و دەبێت هاوسەنگیی لەنێوان رۆلەی پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووکی تێدا بێت."
بەپێی رێنماییەکانی بودجەی ساڵی 2023، ژمارەیەک مەرج بۆ دامەزراندنی ئەو کەسانەی بەپێی مادەی 66ـی یاسای بودجە دادەمەزرێن و وردەکاریی دامەزراندن هەیە، لەوانە دەبێت ناونیشانە وەزیفییەکان، کەرتەکان، پێویستی و بڕوانامەکان لە وێبسایتێک و شوێنی بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکان لە باڵەخانەی پارێزگا بڵاوبکرێنەوە، لیژنەیەک بۆ دامەزراندن پێکدەهێندرێت بە سەرۆکایەتیی پارێزگار و ئەندامێتیی یاریدەدەری پارێزگار و بەڕێوەبەرانی سامانی مرۆیی و ژمێریایی و یاسایی و وردبینی و بەدواداچوونی بۆ دەکات.