لەشجوانێکی کورد دەبێتە پاڵەوانی جیهان

 
 رووداو دیجیتاڵ
 
وەرزشڤانێکی کورد بەناوی عەبدولقادر حاجی ساڵح کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە یاریی لەشجوانیدا بووه پاڵەوانی جیهان.
 
دوو پاڵەوانێتی لەشجوانی لە سانکت پۆلتن لە نەمسا بەڕێوەچوون، یەکەمیان لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە و دووەمیان لەسەر ئاستی جیهان بوو.
 
رۆژی یەکشەممە، 25-8-2024 پاڵەوانێتییەکەی سەر ئاستی نەمسا بەڕێوەچوو، تێیدا عەبدولقادر حاجی ساڵح کە خەڵکی شاری سەرێکانیی رۆژئاوای کوردستانە، له کێشی 90 کیلۆگرامیدا پلەی دووەمی لەسەر ئاستی نەمسا بەدەستهێنا.
 
ئەمڕۆ دووشەممەش، عەبدولقادر لەسەر ئاستی لەشجوانە جیهانییەکان، توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
 
ئەو لە ڤیەننای پایتەختی نەمساوە بەشداری لە بووڵتەنی کاژێر 7:00ی رۆژئاڤای رووداو کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دلبخوین دارای دایەوە.
 
"سەرکەوتنەکەم دەکەمە دیاری بۆ خەڵکی سەرێکانی و دایکی شەهیدان"
 
عەبدولقادر لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی، "برام دلبخوین، سوپاسی تۆ و هەموو گەلی کورد دەکەم، هیوادارم گەلی کوردمان هەمیشە لە خۆشی و شادیدا بن."
 
گوتیشی، "ئەم سەرکەوتنە پێشکێش بێت بە هەموو خەڵکی سەرێکانی و دایکی شەهیدان، دەستی دایکی شەهیدان ماچ دەکەم."
 
ئەو وەرزشڤانە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2002ـەوە، دەستی بە یاریی لەشجوانی کردووە.
 
"لە سووریا سێ جار و لە ئۆکراینا چوار جار سەرکەوتنم بەدەستهێناوە"
 
عەبدولقادر دەڵێت، "کاتێک لە ئۆکراینا سەرکەوتم، ویستم ببمە میوانی ئێوە تاوەکو گەلی کورد دڵخۆشبن بە دڵخۆشی و سەرکەوتنەکانی من، چونکە ئەمڕۆ کاتێک سەردەکەوین، هەموو گەلەکەمان چێژ وەردەگرێت. مرۆڤ دەیەوێت هەمووان بەیەکەوە چێژ لەم سەرکەوتنە وەربگرن."
 
عەبدولقادر لە ساڵی 2018 وازی لە لەشجوانی هێناوە، بەڵام دوای هەڵگیرسانی شەڕی رووسیا - ئۆکراینا، چووەتە نەمسا و لەوێ دووبارە دەستی بە وەرزش کردووەتەوە.