دەستەی مافی مرۆڤ: لاهوور شێخ جەنگی گوتی لە زیندان ئەشکەنجە نەدراوم
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان کرد لە شاری سلێمانی. لاهوور شێخ جەنگی گوتوویەتی، "تەندروستیی باشە" و "هیچ جۆرە تووندوتیژی و ئەشکەنجەدانێکی بەرامبەر نەکراوە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 26ی ئابی 2025 شاندێکی باڵای دەستەکە بە فەرمانی د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستە، سەردانی شاری سلێمانییان کردووە. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، بەدواداچوون بووە بۆ رەوشی دەستگیرکراوانی رووداوەکانی ئەم دواییە.
شاندەکە لە گرتووخانەی کانی گۆمە لە سلێمانی، چاویان بە لاهوور شێخ جەنگی کەوتووە و لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا کردووە، تاوەکو لە بارودۆخی تەندروستی، شوێنی مانەوە و رێکارە یاساییەکان بکۆڵنەوە.
لاهوور شێخ جەنگی لەمیانی دیدارەکەدا جەختی کردووەتەوە، تەندروستیی باشە و لە ژوورێکی تایبەتدا دەژی کە هەموو پێداویستییەکی بۆ دابین کراوە. بەپێی راگەیێندراوی دەستەکە، لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە قسەی لەگەڵ خێزانەکەیدا کردووە و دوای داواکردنی کتێب، ئاسایش کۆمەڵێک پەرتووکیان بۆ بردووە.
رۆژی سێشەمه 26ی ئاب شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە راسپاردەی د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستە سەردانی شاری سلێمانییان کرد. شاندەکە لە گرتووخانەی کانی گۆمە چاویان کەوت بە لاهوور شێخ جەنگی لە نزیکەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ کرد دەربارەی رەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و رێکارەکان پرسیاریان لێ کرد.
ناوبرا ئاماژەی بەوە کرد تەندروستی باشە و لە ژوورێکی تایبەت دانراوە و تەواوی پێداویستییەکانی بۆ دابینکراوە، هەروەها بەڤیدیۆ لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە و داوای پەرتووکی کردبوو لە ئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، ئاماژەی بەوەش کرد لەوکاتەی کە هاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لە کانی گۆمە، رووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبووەتەوە.
دواتر لاهوور شێخ جەنگی داوای کردووە کە دۆسییەکەی بە رێکاری یاسایی بڕوات و دەستەش چاودێری بکات.
هەروەها لەسەر رووداوەکانی ئەو رۆژە گوتی زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو رووداوانە روودەدەن.
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەدا مافی ناوبراوە رێگە بە پارێزەرەکانی بدرێ سەردانی بکەن و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێ و رێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لەکاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیەکی بەرامبەر نەکراوە و هیچ دانپێدانێکی بەزۆری لێ وەرنەگیراوە هەروەها لە وەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیۆکردن لەکاتی لێکوڵینەوە، گوتی هیچ کامێرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکۆڵینەوە.
دواتر تیمەکەی دەستە چاویان بە بەشێک لە دەستگیراوەکان کەوت کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهور شێخ جنگی ناسراون و بەپێی بەدواداچونی شاندەکەی دەستە ژمارەیان 162 کەسن و ئاسایش گوتی ژمارەی کوژراوەکانی هەردوولا پێنج کەسن هەروەها ئاماژەیان پێکرد کە رۆژانە رێگە بە بەشێک لە کەسوکاریان دراوە سەردانیان بکەن وە ئاماژەیان بەوە کردووە لە ئێستادا شوێنیان باشە لەو کاتەی هێنراونەتە ئاسایش، رووبەڕووی هیچ توندوتیژیەک نەبوونەتەوە.
دەستەی مافی مرۆڤ رایدەگەیێنێت، هەر کەسێکی نادیار و بێسەروشوێنە لەو رووداوە دەتوانێ سەردانی نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بکات بۆ سۆراخکردنی کەسەکانیان.
جێی باسە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەکەم دامەزراوەی فەرمیە دوای رووداوەکانی سلێمانی سەردانی دەستگیرکراوانی کردبێت.
دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤ لەهەرێمی کوردستان
26-8-2025