لە هەولێر دزی لە کۆشکێکی فرۆشتنی کتێب و رۆژنامە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
خاوەن کۆشکێکی فرۆشتنی کتێب و رۆژنامە لە هەولێر رایگەیاند شەوی رابردوو کۆشکەکەی شکێندراوە بایی نزیکەی یەک ملیۆن دینار مەلزەمەیان لێ دزیوە.
ئاشتی شێرکۆ، خاوەنی خانەی ئاشتی لە بازاڕی شێخەڵڵای شاری لە هەولێر دەڵێت شەوی 25ی ئەیلوولی نزیکەی 500 مەلزەمەی خوێندن، کە بایی نزیکەی یەک ملیۆن دینار بوون، لێدزراوە و دەڵێت دزەکان کتێب و رۆژنامەیان جێهێشتووە و تەنیا مەلزەمەکانییان دزیوە.
ئاشتی شێرکۆ، خاوەنی خانەی ئاشتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ 26ی ئەیلوول کاتێک براکەم دەچێت بۆ ئەوەی کۆشکەکە بکاتەوە دەبینێت هەموو کەلوپەلەکان لەو ناوە کەوتوون و هەرچی مەلزەمەکان هەیە کە هی هەموو پۆلەکان بوون دزراوە، شتی دیکە نەبراون".
بە گوتەی ئاشتی لە ماوەی رابردوودا ئەوە سێیەم جارە دزی لە کۆشکەکەی دەکرێت و گوتی: "دزییەکە دوای سەعات 12ی شەوی رابردوو کراوە، ئەوانەی دزییەکەیان کردووە دیارە عەرەبانەی سێ تایەیان بەکارهێناوە و دوای بردنی مەلزەمەکان، عەرەبانەکەیان جێهێشتووە".
سەبارەت بە تۆنارکردنی سکاڵا، ئاشتی شێرکۆ گوتی: "بە نیاز نیم سکاڵا تۆماربکەم، بەڵام بەدواداچوون دەکەم و دەمەوێ خۆم بزانم کە ئەو دزییە بۆ و کێ کردوویەتی".ئاشتی شێرکۆ گوتیشی: "دزەکە زانیویەتی مەلزەمە یەکسەر دەفرۆشرێت و پارە دەکات، بۆیە تەنیا مەلزەمەیان بردووە".
لە ماوەی رابردوو لە هەولێر ژن و پیاوێکی بیانی بە تۆمەتی دزینی کتێب، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.