تەرزە بە بڕی 4 ملیۆن دۆلار زیان بە کشتوکاڵی سەڵماس دەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری سەڵماس رایگەیاند، ئەو تەرزە زۆرەی رۆژی دووشەممە لە ناوچەکەدا باری، زیانی بە دوو هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی گەیاندووە.
کازم غەنی زادە، قایمقامی شاری سەڵماس بەیانیی ئەمڕۆ (26-09-2023) رایگەیاند، کشتووکاڵی ژمارەیەک لە گوندەکانی سەر بە شاری سەڵماس بەهۆی بارینی تەرزەوە بای نزیکەی 4 ملیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوتووە و، بەرهەمی کشتوکاڵیان لە 20 تاوەکو 90٪ لەنێوچووە.
کازم غەنی زادە دەڵێ: رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی لە رێگەی بیمەی جووتیارانەوە، زیانەکان قەرەبوو بکرێنەوە.
بەپێی راپۆرتی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، دوای باران و هەورە برووسکەی رۆژی دووشەممە، لە رۆژی سێشەممەوە رەوشی کەشوهەوا تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەقامیر دەبێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە هەندێک شوێندا باران ببارێت.
لە دوو هەفتەی رابردوودا پلەکانی گەرما لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دابەزین دواتریش باران و هەورەبرووسکەی بەدوادا هات.