لاهوور شێخ جەنگی پەیامێک بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی لەسەر بارودۆخی ئێستای یەکێتی و کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە پەیامێک بڵاوبکاتەوە و هەڵوێستی خۆی لەبارەی رووداوەکانی پەیوەست بە یەکێتییەوە دەخاتەڕوو.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 26-9-2023، لاهوور شێخ جەنگی لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە هەڵوێستەکانی خۆی لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەست بە یەکێتی و دۆخی هەرێمی کوردستان بخاتەڕوو، بەشێکی زۆری گوتارەکەشی بۆ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی تەرخان دەکات.
چەند کەسێکی ئاگادار و نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی، بە رووداویان گوت: "دۆخی گشتی و نێوخۆی یەکێتی، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی حیزبە سیاسییەکان." لە دیارترین ئەو تەوەرانە دەبن کە لاهوور شێخ جەنگی باسیان دەکات، جگە لە هەڵوێستی خۆی لە بەشدارینەکردن لە کۆنگرە، بڕیارە هۆشداریینامەکانی لە رێگەی ئەو گوتارەوە بۆ ئەو حیزبە رابگەیەنێت.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە پەیامەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە کەمتر لە 24 کاژێر لە دەستپێکردنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بڵاوبکرێتەوە، "پەیامێکە هاوشێوەی هۆشدارینامەیەکە بۆ یەکێتی و یەکێتییەکان و بەشێک لە سەرکردایەتی کە لاهوور شێخ جەنگی بەشێک لە رووداوەکانیان دەخاتە ئەستۆ."
بڕیارە سبەی چوارشەممە، 27ی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە سلێمانی بە ئامادەبوونی 600 ئەندام ببەسترێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، جگە لە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی ساڵی 2021 لە یەکێتی دوورخرایەوە، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی بەشداری کۆنگرە ناکەن، لەوانە: مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لیوا چەتۆ ساڵح، ئاراس شێخ جەنگی، فێنک ئەحمەد، ژینۆ محەممەد، سەردار هەرکی، پەروین کاکەحەمە، شادومان مەلا حەسەن، رێبوار جاف، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی.
دوای رووداوەکانی هەشتی تەممووزی 2021ـی یەکێتی، کە تێیدا بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەو کات و سەرۆکی ئێستای یەکێتی، لاهوور شێخ جەنگیی بە ژەهرخواردکردنی تۆمەتبارکرد، ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی لە ریزەکانی ئەو حیزبە دوورخرانەوە.