گۆرانییەکی دەمیرتاش لە یاریگەی ئامەدسپۆر لێدرا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر پێش دەستپێکردنی یارییەکەی لەگەڵ یانەی ساریەر، گۆرانیی 'مەترسە هاواربکە'ی بە دەنگی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لێدا.
یانەی ئامەدسپۆر رۆژی پێنجشەممە 25-9-2025 لە حەوتەمین هەفتەی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا دا میوانداریی یانەی ساریەری کرد.
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە و لەکاتی خۆگەرمکردنەوەی یاریزاناندا هەر وەک هەمیشە گۆرانیی جۆراوجۆر لە یاریگەدا لێدەدرا.
یەکێک لەو گۆرانییانە 'کۆڕکما باغر' بوو کە بە مانای 'مەترسە هاواربکە' دێت و سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتوویەتی. دواتر دەنگەکەی دەمیرتاش خرایە سەر گۆرانییەکە و سێ گۆرانیبێژی دیکە بە ناوەکانی تارکان ئەرگیون، سەرپیل ئەرگیون و سواڤی بە هاوبەشی گۆرانییەکەیان گوت.
دیمەنی ساتی گۆرانییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە و بووەتە ترێند.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، تێکستی ئەم گۆرانییەی بە زمانی تورکی لە گرتووخانە نووسی و دواتریش لەڕێی مۆبایلەوە گۆرانییەکەی گوت.
رۆژی 13-6-2018 پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاویکردەوە. ساڵی 2022 جارێکی دیکە مۆنتاژ کرا و نوێ کرایەوە.
مانای گۆرانییەکە بە زمانی کوردی:
ئاسمان خۆڵەمێشییە و هەورەکان درۆزنن،
ئەگەر چەواشەی کردی و کەوتە سەر خەمەکانت،
جوانێ! بزانە کە هەتاو هەیە،
لە شوێنی جارانی خۆیدا
مەترسە، هاوار بکە؛ ئەگەرنا بانگی خزر بکە،
خزر لە دڵی تۆدایە،
تۆ خزریت ئەی جوانەکەم.
ئەگەر دەتەوێت بوەستە و سەیرێکی ئاوەکە بکە
یانیش سەیری ئاوێنە کوێرەکان بکە.
خزر لە تۆدا هەیە جوانەکەم،
رێگەی کێوە سەخت و دوورەکان بگرە.
مەترسە، هاوار بکە؛ ئەگەرنا بانگی خزر بکە،
خزر لە دڵی تۆدایە،
تۆ خزریت ئەی جوانەکەم.