گوتەبێژی یەکگرتوو: بەپێی راپرسییەکان 8 کورسی بەدەستدەهێنین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەڵاحەدین بابەکر، سەرۆکی لیژنەی باڵای بازنەی هەولێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت: "هیچ لایەنێک وەک ئێمە نەخشەرێگەی کارکردنی بۆ پەرلەمانی عێراق دانەڕشتووە".
 
سەڵاحەدین بابەکر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 16:00ى رووداودا گوتی: لە رۆژانی داهاتوودا بانگەشەی هەڵبژاردنمان چڕتر و گەرمتر دەبێت، بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەرسێ بازنەی پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک فێستیڤاڵی بانگەشە ئەنجام دەدەین".
 
" نابێ راڤەی سیاسی بۆ دەستوور بکرێت"
 
ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە، بۆیە پرسی دەستوور لە ئەجێندای لایەنەکان هەیە لەکاتی بانگەشەیاندا، سەرۆکی لیژنەی باڵای بازنەی هەولێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە هاوکات گوتەبێژی حیزبەکەشە، رایگەیاند ، نامیلکەیەکیان بە کوردی و عەرەبی نووسیوەتەوە، وەک نەخشەڕێگای کارکردنی یەکگرتوو بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، گوتی "بڕوامان وایە لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێ دەستوور دادوەر بێت، نابێ راڤەی سیاسی بۆ دەستوور بکرێت، دەبێ هەولێر و بەغدا پابەندی دەستوور بن، راستە بەغدا لە جێبەجێکردنی هەندێک خاڵی دەستووردا کەمتەرخەمە، بۆیە پەرلەمانتارانی ئێمە هەوڵی جێبەجێکردنی دەستوور دەدەن".
 
بابەکر پێیوایە "لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، لایەنە کوردستانییەکان دەبێ پابەندبوون بە دەستوور بکەنە مەرجێکی نووسراو، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو مۆری بکات، ئینجا بەشداری لە حکومەتدا بکەن".
 
"8 کورسی دێنین"
 
سەرۆکی لیژنەی باڵای بازنەی هەولێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبارەی پێشبینیان بۆ ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمدا بکرێت، گوتی: "بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە 8 کورسی بەدەستدەهێنین".
 
"لە هەولێر کورسییەکمان مسۆگەرە و کار بۆ کورسی دووەم دەکەین"
 
لەبارەی بازنەی هەولێرەوە، کە چەند خولێکە یەکگرتوو ناتوانێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کورسی لەو بازنەیە بباتەوە، سەڵاحەدین بابەکر گوتی: "ئەمجارە لە هەولێر کورسییەکمان مسۆگەرە و کار بۆ بردنەوەی کورسی دووەم دەکەین، لە سلێمانیش 2 کورسیمان هەیە، پلانمان وایە بیکەین بە 3 کورسی و لە دهۆکیش بە هەمان شێوە هەوڵدەدەین ژمارەی کورسییەکانمان لە 2 کورسییەوە بکەینە 3 کورسی".
 
" هیچ کات گرفتەکانی هەولێر و بەغدامان تێکەڵی یەک نەکردووە"
 
لەبارەی پێکهێنانی فراکسیۆنێکی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو گوتی: "بڕوامان وایە لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان هاوکاری یەک بین، وەک یەکگرتوو هیچ کات گرفتەکانی هەولێر و بەغدامان تێکەڵی یەک نەکردووە".
 
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمجارە بەشدار دەبن لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق، بەرپرسەکەی یەکگرتوو گوتی: "ئەگەر ژمارەیەکی باش کورسی بەدەستبهێنین بەشداری حکومەت دەکەین".