نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا تاوتوێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە بارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت: "لە دیدارێكدا، ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و قۆناخى داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى فەره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هه‌ردوولا "سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنيان به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا و له‌سه‌ر گرنگيى هاوكاريى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى فيدراڵى له‌ عێراق هاوڕا بوون كه‌ وه‌ڵامدەره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانييه‌كانى هاووڵاتييان بێت."
 
پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.
 
رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا. 
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی کۆمیسیۆن، ژمارەی کورسیی لایەنە کوردستانییەکان بەمشێوەیەیە:
 
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 27
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 18
- رەوتی هەڵویست: 5 کورسی
- جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 3 کورسی
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 4 کورسی
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان:1 کورسی