سوپای پاسداران: لە ورمێ دەستمان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرت
رووداو دیجیتاڵ
قەرارەگەی حەمزەی سوپای پاسداران دەڵێت، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری ورمێ دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگەی حەمزە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێزەکانیان توانیویانە لە ناوچەی سنووریی تەرگەوەڕی شاری ورمێ دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا بگرن کە لە دەرەوەی سنوورەوە هاوردە کراوە. ناوچەی تەرگەوەڕ دەکەوێتە سەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو چەک و تەقەمەنییە بۆ هێزێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی هاوردە کراوە، بەڵام ئاماژە بە ناوی هیچ حیزب و لایەنێک نەکراوە و باسی روودانی شەڕ یان دەستبەسەرکردنی کەسیش نەکراوە.
قەرارگەی حەمزە باس لەوە دەکات، ئەو چەک و تەقەمەنییەی دەستیان بەسەردا گرتووە 198 بۆمبی تێدایە و ئامانج لە هاوردەکردنیان ئەوە بووە ببردرێن بۆ قووڵایی خاکی ئێران و بۆ پشێوی نانەوە سوودیان لێوەربگرن.
قەرارگەی حەمزە یەکێکە لە 10 قەرارگەکانی هێزی پیادەی سوپای پاسداران. ئەو قەرارگەیە سەرپەرشتی هێزەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە دەکات و ناوەندی فەرماندەییەکەی لە ورمێیە. ئەرکی سەرەکیی قەرارگەی حەمزە، رووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.