ژمارەی دانیشتووانی هەولێر زیاترە لە ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی و هەڵەبجە
رووداو دیجیتاڵ
ئاماری دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی پارێزگاکان و شار و گوند بڵاوکرایەوە، بەپێی ئامارەکان 32,363,649 کەس واتە 70.17٪ لە شار و 13,755,144 کەس، واتە 29.83٪ لە گوندەکان نیشتەجێن، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێریش پێش دانیشتووانی سلێمانی هەڵەبجە کەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەپێی دوایین سەرژمێری کە 20-10-2024 کرا، لە ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 46,118,793 کەس. لەو ژمارەیە 39,599,664 کەس لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک دەژین و 6,519,129 کەسیش لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) دەژین. ژمارەی دانیشتووانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 14.13٪ی کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراقە.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان
بەپێی داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6,519,129 کەس کە 3,284,668 کەس واتە بە رێژەی 50.39٪ لە رەگەزی نێرن و 3,234,461 کەس واتە 49.61% لە رەگەزی مێن.
هەولێر زۆرترین دانیشتووی هەیە کە 2,517,534 کەسە، کە دەکاتە 38.62٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، دانیشتووانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 2,401,724 کەسە، کە دەکاتە 36.84٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
هەرچی پارێزگای دهۆکە ژمارەی دانیشتووانەکەی 1,599,871 کەسە، واتە 24.54٪ی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر زیاترە لە سلێمانی و هەڵەبجە
بەگوێرەی داتاکان، پێشتر ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی (بە هەڵەبجەشەوە) لە ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر زیاتر بوو، بەڵام بەگوێرەی دوایین داتای سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر پێش ئەو دوو پارێزگایە کەوتووەتەوە.
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە 2,517,534کەس و ژمارەی دانیشتووانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە گەیشتووەتە 2,401,724 کەس، واتە ژمارەی دانیشتووانی هەولێر 115,810 کەسی زیاترە لە دانیشتووانی هەردوو پارێزگاکە.
لە هەرێمی کوردستان 85٪ی دانیشتووان شارنشینن
داتاکانی سەرژمێری دەریدەخەن کە 85٪ی تێکڕای دانیشتووانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە شارەکان دەژین، تەنیا 15٪یان لە گوندەکان دەژین.
بە گشتی 5,513,276 کەس لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و 1,005,853 کەسیش لە گوندەکان دەژین.
لە پارێزگای دهۆک 1,273,546 کەس واتە 80٪ی دانیشتووانەکەی لە شارەکان دەژین، 326,325 کەسیش، واتە 20٪ی دانیشتووانەکەی لە گوندەکان دەژین.
لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 2,137,095 کەس واتە 89٪ی دانیشتووان لە شارەکان دەژین، 264,629 کەسیش واتە، 11٪ی دانیشتووان لە گوندەکانی هەردوو پارێزگاکە دەژین.
لە پارێزگای هەولێر 2,102,635 کەس واتە 84٪ی دانیشتووانەکەی لە شارەکاندا دەژین، 414,899 کەس واتە 16٪ی دانیشتووانەکەی لە گوندەکان دەژین.
لە پارێزگاکانی عێراق 32٪ی دانیشتووان گوندنشینن
لە پارێزگاکانی عێراق رێژەی ئەوانەی لە گوندەکان نیشتەجێن زیاترە لە رێژەی ئەو کەسانەی لە گوندەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دادەنیشن.
لە پارێزگاکانی عێراق 26,850,373 کەس لە شارەکان دادەنیشن، کە دەکاتە 68٪ی دانیشتووان، هەروەها 12,749,291 کەس لە گوندەکان نیشتەجێن، کە دەکاتە 32٪ی کۆی گشتی دانیشتووانی هەر چواردە پارێزگاکەی عێراق و پارێزگای کەرکووک.
لە کەرکووک و پارێزگا سوننەنشینەکان رێژەی مێ لە نێر زیاترە
بەپێی داتاکانی سەرژمێری، 50.22٪ی دانیشتووانی عێراق لە رەگەزی نێرن و 49.78٪ لە رەگەزی مێن، بەڵام لە کەرکووک و هەریەک لە پارێزگاکانی نەینەوا دیالە، ئەنبار و سەلاحەددین رێژەی مێ لە نێر زیاترە.
- لە کەرکووک 1,022,866 کەس لە رەگەزی مێ و 1,011,761 کەس لە رەگەزی نێرن. واتە رێژەی50.27 بە 49.73٪.
- لە نەینەوا 2,134,758 کەس لە رەگەزی مێ و 2,127,222 کەس لە رەگەزی نێرن. واتە رێژەی 50.09٪ بە 49.91٪ .
- لە سەلاحەددین 892,995 کەس لە رەگەزی مێ و 892,995 کەس لە رەگەزی نێرن. واتە رێژەی 50.32٪ بە 49.68٪.
- لە دیالە 967,334 کەس لە رەگەزی مێ و کەس 967,170 لە رەگەزی نێرن. واتە رێژەی 50.004٪ بە 49.996٪.
ژمارەی دانیشتووانی بەغدا نزیک دەبێتەوە لە 10 ملیۆن کەس
ژمارەی دانیشتووانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەش خانەییەوە بوونەیە حەوت خانەیی، واتە سەرووی ملیۆنێک کەس.
بەغدا زۆرترین دانیشتووی هەیە، کە 9,780,429 کەسە، هەرچی پارێزگای موسەننایە کەمترین ژماری دانیشتووی هەیە، کە 1,043,087 کەسە.
لە دوای بەغدا پارێزگای نەینەوا دێت لە رووی زۆرترین ژمارەی دانیشتوو، کە 4,261,980 دانیشتووی هەیە، لە پلەی سێیەمیش بەسرە دێت، کە 3,664,168 دانیشتووی هەیە.
بە گوێرەی سەرژمێرییەکە هەولێر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان چوارەمین پارێزگایە لە رووی زۆری ژمارەی دانیشتووانەوە، سلێمانی لە پلەی حەوتەم و کەرکووک لە پلەی هەشتەم و دهۆک لە پلەی پازدەیەم دێت.
بەغدا: 9,780,429 کەس
نەینەوا: 4,261,980 کەس
بەسرە: 3,664,168 کەس
هەولێر: 2,517,534 کەس
زیقار: 2,499,468 کەس
بابل: 2,482,324 کەس
سلێمانی: 2,401,724 کەس
کەرکووک: 2,034,627 کەس
ئەنبار: 2,004,418 کەس
نەجەف: 1,950,833 کەس
دیالە: 1,934,504 کەس
سەڵاحەدین: 1,774,542 کەس
کەربەلا: 1,754,065 کەس
واست: 1,643,406 کەس
دهۆک: 1,599,871 کەس
دیوانیە: 1,477,310 کەس
میسان: 1,294,503 کەس
موسەننا: 1,043,087 کەس
کۆی گشتی: 46,118,793 کەس