لە قامشلۆ لە مانگێکدا زیاتر لە 300 سەر مەڕ و بزن دەدزرێن
رووداو - قامشلۆ
لە مانگێکدا لە حەوت گوندی دەوروبەری قامشلۆ زیاتر 300 سەر مەڕ و بزن دزراون. ئەوەش ترسی لای هاونیشتمانییانی ناوچەکە دروستکردووە.
خالید شێخی، دانیشتووی گوندی گردێوانە و 36 ساڵە. لە شەوێکدا 52 مەڕ و بزنی لێدزراوە. ئێستا لە مات و خەمبارە و بێچارەیە. زیانەکەی بەلای کەمەوە نزیکەی نۆ ملیۆن لیرەی سوورییە.
خالید شێخی کە دزییەکەی لێکراوە، دەڵێت "شەو شەریکەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی مەڕمان لێدزراوە. 90 سەر بوون و 52یان دزیون. لە ترساندا ئەوانی دیکەم فرۆشتن".
هیان هادی، گوندنشینێکی گردێوانە و بژێوی منداڵەکانی لەسەر ئاژەڵدارییە. ترسی لەوەیە ئاژەڵەکانی بدزرێن و قووتی منداڵەکانی ببڕدرێت.
هیان هادی ئاماژە بەوە دەکات "من دەترسم، بۆیە شەوان تاوەکو بەیانی بێدارین. ئێمە لە رێی ئەو مەڕانەوە ژیانمان دابیندەکەین".
تەنیا لە رۆژێکدا لە گوندی گرێداوێ و مالسەبات 114 مەڕ دزراون و تاوەکو ئێستا کەس بە تۆمەتی دزینی مەڕەکان دەستگیرنەکراوە.