کەجەکە: راپۆرتی پارتەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد ئەرێنی نین

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایدەگەیێنێت، ئەو راپۆرتانەی لایەنەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد پێشکێشی پەرلەمانیان کردووە "ئەرێنی نین" و لە پێناسەکردنی کێشەکە دوورن. دەشڵێت: "هیوادارین پەرلەمانی تورکیا ئیرادەی خۆی پیشان بدات."
 
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، شەوی پێنجشەممە، 25-12-2025، لە دیمانەیەکی میدیایی دا رایگەیاند، بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە راپۆرتی پارتە سیاسییەکان کردووە، بەڵام "ئەو راپۆرتانە لە پێناسەکردنی پرسی کوردەوە دوورن و دەرەنجامێکی ئەرێنیی ئەوتۆیان تێدا دەرنەکەوتووە."
 
مستەفا قەرەسوو رەخنەی لە هەڵوێستی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت و گوتی: "ئۆزگور ئۆزەل دەڵێت پرسی کورد هەیە، سەردانی کوردستانیشی کرد و گوتی کاتێک کورد هەبێت کێشەشیان هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت، بەڵام بۆچی ئەمە دیاری نەکراوە؟ جەهەپە بەگوێرەی ئەمە ناجووڵێتەوە و بەگوێرەی سیاسەتی رۆژ کار دەکات."
 
بە بڕوای بەرپرسەکەی کەجەکە، هەرچەندە لە مێژووی تورکیادا پەرلەمان زۆر شوێنی چارەسەریی کێشەکان نەبووە، بەڵام ئەوان هیوادارن لە پرسی کورد دا پەرلەمانی تورکیا ئیدی ئیرادەی خۆی پیشان بدات.
 
سەبارەت بە رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پرۆسەکەدا، قەرەسوو جەختی لەوە کردەوە، دەبێت مەرجەکانی "ئازادی، ژیان و کار" بۆ ئۆجەلان دەستەبەر بکرێن.
 
قەرەسوو گوتی: "مافی هیوا بابەتێکی یاساییە و لە دەستووری خۆیاندا پەسند کراوە. دەوڵەت باخچەلیش گوتی کە جێبەجێ دەکرێت. هێشتنەوەی رێبەر ئاپۆ لە نێو مەرجێکی وەها گۆشەگیری دا، مامەڵەیەکی کەمە بۆ پرۆسەکە و راست نییە."
 
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستانیش هۆشداری دا کە "تورکیا بەرامبەر کورد زمانی هەڕەشە بەکاردەهێنێت و بەو شێوەیە ئارامی دروست نابێت".
 
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکردووە.
 
لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و یەکسانی" دوای بڕیاری "خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە" پێکهێنراوە.
 
کۆمیسیۆنەکە دەبوو تاوەکو 31ـی ئەم مانگە راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات، بەڵام رۆژی چوارشەممە بە پاساوی تەواونەبوونی راپۆرتەکە، ماوەی کارکردنی بۆ دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێ لەو ماوەیەدا تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێ.