بەفر و باران دەریاچەی وان لە وشکەساڵی دووردەخەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا دەریاچەی وان لە هاوینی رابردوودا هەڕەشەی وشکبوونی لەسەر بوو، ئێستا بەو بەفر و بارانەی لە پارێزگای وان و دەوروبەری باریوە، بەرەو بووژانەوە دەچێت.
 
هاونیشتمانیان دەڵێن، ژیانیان نائاساییە و بەفر کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر ناوچەکە، بەتایبەتی گوندەکان؛ بەڵام پسپۆڕان بە جۆرێکی دیکە سەیری بابەتەکە دەکەن.
 
مستەفا ئاککوش، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "بەتایبەتی لە دوو هەفتەی دواییدا بەفری زۆر لە ناوچەکەدا باریوە. لەوانەیە بارینی بەفر بۆ زۆر کەس مانای خراپیی کەشوهەوا بدات، بەڵام ئەم بەفرە ئێمە خۆشحاڵ دەکات. هیوادارین تاوەکو مانگی ئادار ئەم بارینە بەردەوامبێت و دەریاچەکە پڕ ببێتەوە لە ئاو، چونکە ئەم بەفرەی ئێستا دەبارێت، کۆگای ئاوی وەرزی هاوینە بۆ ئێمە".
 
مامۆستایەکی بەشی جوگرافیا لە زانکۆی یوزونجویڵی وان دەڵێت، ئەگەر تەنیا باران بووایە، ئاوەکە دەڕژایە دەریاچەکە ئەویش هەر دەوڵەمەندییە، بەڵام ئەم بەفرە وادەکات زەویش ئاوەکە وەربگرێت و سەرچاوەکانی ئاو ببووژێنەوە.
 
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بارانبارین لە پارێزگای وان کەمیکردووە و بەهۆیەوە ئاستی ئاوی دەریاچەکە لە هەندێک شوێندا دوو کیلۆمەتری ئاسۆیی بەرتەسک بووەتەوە. پسپۆڕان کە ساڵی 2021 هۆشدارییان بە خەڵک دەدا لەبارەی وشکەساڵی، ئێستا هیوا دەخوازن ئەم بەفر و بارانە درێژە بکێشێت.
 
فارووق عەلائەدینئۆغڵو، مامۆستای بەشی جوگرافیا لە زانکۆی یوزونجویڵ دەڵێت، "بەڵێ راستە بارینەکەی باشە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کاتێک کێشەی بۆ رێگەوبان و خەڵک دروستکرد، واتە ئیدی لە چەند ساڵی داهاتوودا کەشوهەوا باش دەبێت و سەرچاوەکانی ئاو تێر دەبن و ئەگەری وشکەساڵی نامێنێت. بێگومان ئەم بارینە ئەرێنییە و هەر بەفربارینێکیش دەرفەتێکە".
 
دەریاچەی وان گەورەترین دەریاچەی کوردستانە، رووبەرەکەی سێ هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە، خوێ و سۆدە لە ئاوەکەیدا زۆرە.
 
بەپێی سەرچاوە مێژوویی و زەویناسییەکان، تەمەنی دەریاچەی وان 600 هەزار ساڵ دەبێت. ئەو دەریاچەیە 103 جۆر رووەک و 36 جۆر ماسیی تێدایە. زانایان دەڵێن، دەریاچەی وان بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێکی گەورە لە چیای نەمروود دروستبووە.