کەشناسی: شەممە لە زۆربەی ناوچەکان بەفر و باران دەبارێت


رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی شەممە بەفر و باران لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت، بارینەکە لە شەوی شەممەوە زیاتر دەبێت. 
 
رۆژی هەینی 27-1-2023، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینیییەکانی کەشوهەوای رۆژانی هەینی و شەممەی بڵاوکردەوە. بەپێی پێشبینییەکان ئەمڕۆ هەینی ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان، پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە کەم دەبێتەوە، هەروەها خێرایى با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت و لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا. 
 
هەرچی پەیوەستە بە کەشوهەوای رۆژی شەممە 28-1-2023، کەشناسی دەڵێت، ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لەگەڵ بارینی نمەبارانی کەم و بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان، سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوا دەستپێدەکات، پاشان زۆرینەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە کاتەکانی شەودا بارینەکە زیاتر دەبێت. 
 
لەبارەی پلەکانی گەرماشەوە، بەگوێرەی پێشبینییەکان: "پلەکانی گەرما نزمبوونەوەیەکی کەم بە 1 بۆ 2 پلە لە تۆمارکراوەکانى رۆژی پێشوو تۆمار دەکات و خێرایى با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت کە 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە هەر کاژێرێکدا و لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا." 
 
لەبارەی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی لە پارێزگاکان بۆ رۆژی شەممە 28-1-2023، بەمشێوەیە دەبێت:
- هەولێر: 12 پلە 
- سلێمانی: 10 پلە
- دهۆک: 10 پلە
- کەرکوک: 14 پلە
- هەڵەبجە: 9 پلە
- زاخۆ: 11 پلە
- سۆران: 8 پلە
- گەرمیان: 15 پلە
 
رۆژی هەینی 27-1-2023، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق لەبارەی کەشوهەوای پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کەشوهەوا لە زۆرینەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەور بۆ نیمچە هەورە و هیچ ئەگەرێکی بارانبارین نییە، تەنیا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەبێت پێشبینی باران هەیە. بۆ رۆژی شەممە پێشبینی دەکرێت لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق تەمومژ بێت، بەڵام لە پارێزگاکانی باشوور خۆر دەبێت و ئەگەری بارانبارین نییە."