لە دێرک و دێرەزوور دەنگی دوو تەقینەوە بیستران
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندەکانی شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان دەنگی تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی ئەمریکا بیسترا، هاوکات دەنگی تەقینەوەیەکی دیکە لە بنکەیەکی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەری گوندەکانی دێرەزوور بیسترا.
رۆژی شەممە، 27-01-2024، لە چەند گوندێکی شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان دەنگی تەقینەوەکان بیسترا تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی وردەکاری و زانیاری لەبارەی ئەو تەقینەوانە ئاشکرا نەکردووە.
رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، تورکیا لە رێگەی درۆنەوە دەوروبەری دادگەی گەل لە قامیشلۆ، چەند ناوچەکی پیشەسازی و کێڵگە نەوتییەکانی سنووری رمێلان؛ هەروەها رۆژی پێشووتریش وێستگەی کارەبای سوێدییە، کارگەی گازی شل و کۆگای گازوایلی لە رمێلان بۆردوومان کرد.
رۆژی 14-01-2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کاژێر 22.00ـی هەمان رۆژ ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، گارە، قەندیل و ئاسۆس لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەک لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو شوێنانە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە بەکارهێندراون و لە نێویاندا کۆگەی چەک، ئەشکەوت، پەناگە و وێستگەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی هەبوون.