لە کاژێرەکانی داهاتوودا مەترسیی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کەمپەینی پشتیوانی لە چوار بەندکراوی سیاسی کورد رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دادگای جێبەجێکردنی حوکم و دەزگە ئەمنییەکانی ئێران، پەیوەندییان بە بنەماڵەی چوار زیندانی سیاسی کورد کردووە، بۆ ئەوەی سبەی بەیانی زوو سەردانی زیندانی ئێڤین بکەن و چاویان بە رۆڵەکانیان بکەوێت.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵە بەردەوامەکانی هەفتەی رابردووی پارێزەی بنەماڵەکان بۆ تۆمارکردنی دادنامە لە دادگای باڵای وڵاتدا رەتکرایەوە.
کەمپەینەکە نووسیویانە، بە لەبەرچاوگرتنی نموونەی هاوشێوە و پێشینەی کۆماری ئیسلامی، مەترسییەکی جیدی لەئارادایە کە لە چەند کاژێری داهاتوودا حوکمی لەسێدارەدانی ئەو چوار کەسە جێبەجێ بکرێت.
بنەماڵەی ئەو زیندانیانە ئێستا لە رێگادان بەرەو تاران و بەر دەرکی زیندانی ئێڤین.
کەمپەینی پشتیوانی لە چوار بەندکراوی سیاسی کورد داوا لە خەڵکی تاران و هەموو خەڵکی ئازادیخواز دەکات کە لەگەڵیان بن، هەروەها دەڵێن، "چاوەڕوان دەکەین دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رێوشوێنی بەپەلە و کاریگەر و جیدی بگرنەبەر بۆ رێگرتن لە لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییانە."
رۆژی چوارشەممە 24-1-2024، جێرەمی لۆرێنس، گوتەبێژی OHCHR گوتی، "زیادبوونی لەسێدارەدانی زیندانییان بەتایبەت دوێنێ کە دوو کەس لەسێدارەدران لە ئێران، جێگەی نیگەرانییە."
لۆرێنس گوتی، "تەنیا لە سێ هەفتەدا لەو وڵاتە 54 کەس لەسێدارەدراون و سزاکەش لەگەڵ زۆرینەی بنەماکانی مافی ژیان یەکناگرێتەوە."
گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی ئەو بڕیارە دەکات و باسی لەوە کرد، "محەممەد قوبادلوو بووە نۆیەم کەس بە تۆمەتی خۆپێشاندانی 2022 لەسێدارە بدرێت. فەرهاد سەلیمی، کە پیاوێکی کورد بوو، دوای ئەوەی 14 ساڵ لە زیندان بوو، لەسێدارەدرا."
جێرەمی لۆرێنس داوا لە ئێران و دادگەکانی دەکات کە پابەند بن بە دادگاییکردنی دادپەروەریی زیندانیان. "ئێمە نیگەرانی ئەو راپۆرتانەین کە بەزۆر و لەژێر گوشار وا لە زیندانییان دەکرێت دان بە تاوان بنێن."
لەکۆتاییدا لۆرێنس داوای لە دەسەڵاتی ئێران کرد کە ئەو سزایە رابگرێت.
جگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیان لە 13-1-2024 رایگەیاند، چوار کوردی پارێزگای ئەلبورزی ئێران بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی خراپەکاری" مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و لە ژێر ئەشکەنجەدا و بەزۆرەملێ دانپێدانانیان پێ واژۆ کراوە.
لێبووردنی نێودەوڵەتی لەسەر زاری ئەو کەسانە شێوازەکانی ئەشکەنجەکانیانی بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە، "لێدان، هەڵواسین، لەسێدارەدانی وەهمی، زەوتکردنی خەوتن و ئەشکەنجەی دەروونی".
ئەو رێکخراوە نامەیەکی بۆ غولام حوسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ناردووە و داوا دەکات لەسێدارەدانی ئەو چوار کوردە رابگرێت و بە بنەما نێودەوڵەتییەکان دادگەیی بکرێن.
بە گوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، 977 کەس لە 2015، (567)کەس، لە 2016، (507 )کەس لە 2017، (249) کەس لە 2018، (273) کەس لە 2019، (246 )کەس لە 2020، (290) کەس لە 2021، (553) کەس لە 2022 و (499) کەس لە 2023 لە ئێران لەسێدارە دراون.