بۆ ئازادكردنی 250 ئاشووری گفتوگۆ لەگەڵ داعش دەكرێت


رووداو - حەسەكە

تۆڕی ئاشووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ، رایدەگەیێنێت كە دانوستاندنەكان بۆ ئازادكردنی بارمتە ئاشوورییەكان دەستیپێكردووە ، ئەو دانوستاندنەش لە رێگەی چەند كەسێكی نێوانكاری ئاشووری و ریشسپییانی عەشیرەتە عەرەبییەكان لە جەزیرەی سووری ئەنجامدەدرێت.

بەپێی بەیاننامەیەكی تۆڕی ئاشووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ، كە كۆپییەكی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) نێردراوە، "رێڕەوی دانوستاندنەکان زۆر بەنهێنی بەڕێوەدەچن لەپێناو پاراستنی گیانی گیراوەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٥٠ کەس دەبێت و زۆربەیان ژن و منداڵ و بەتەمەنەکانن".
 
هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە تا رادەیەک تل تەمر ئارامی بە خۆیەوە بینیوە، کە یەکێکە لە گەورەترین شارۆچکەی ئاشوورییەکان لە حەسەکە، دوای ئەوەی داعش نەیتوانی دەستی بەسەردا بگرێت بەهۆی بەرگرییەکی سەختی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و جەنگاوەرانی ئاشووری لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕەکە، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان شەوی رابردوو پێگەکانی داعشیان  لە نزیک تل تەمر بۆردوومان کردووە.

لە بەیانناکەدا هاتووە "یەکێک لە هاووڵاتیانی گوندێکی نزیک تل تەمر بە تۆڕی ئاشووری بۆ مافی مرۆڤی راگەیاندووە، کە رێکخراوی داعش بڵندگۆی لەناو شارۆچکەی تل شەمیران داناوەو تاوەکو درەنگانی بەیانی ئەمڕۆ قورئانیان لێداوە".

بەیاننامەکە باس لە ژمارەی ئاوارە ئاشوورییەکان دەکات و دەڵێت، لەڕێگەی چاودێرانی تۆڕەکەیان ئاماری ئاوارەکانیان پێدەگات و تادێت ژمارەی ئاوارەکان لە زیادبووندان، ئەمەش بەهۆی ترسیان لە دەستبەسەرداگرتنی گوندەکانیان لەلای باکوورەوە، کە ژمارەیان ٢٤ گوند دەبێت.

 بەپێی بەڵگەنامەکانی تۆڕی ئاشووری بە هاوکاری دەزگای کڵێساکانی ناوچەکە، ژمارەی ئاوارەکان زیاتر لە هەزار و ٨٠ خێزانن، کە نزیکەی شەش هەزار کەس دەبن و روویان لە حەسەکە و قامیشلۆ کردووە. ،بەشیکی زۆریان لە نێو ماڵی هاووڵاتییانی حەسەکە و کڵێسانی مارجەرجیس لەو شارە نیشتەجێکراون.