نرخی گۆشتی سوور لە سلێمانی دابەزی

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی گۆشتی سوور لە سلێمانی لەچاو دوو هەفتەی رابردوو دوو هەزار دینار دابەزیوە و قایمقامیەتی سلێمانیش دەڵێت، هانی بازرگانان دەدەن ئاژەڵی زیاتر هاوردە بکەن و رێگری لە چوونەدەرەوەی ئاژەڵی زیندوو دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمەڵیک رێکار گیراونەتەبەر بۆ دابەزاندن و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی گۆشت لە سلێمانی و لیژنەکانمان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ".
 
دوو هەفتەیە نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی سلێمانی لە 20 هەزار دینارەوە بۆ 24 هەزار و 25  هەزار دینار بەرزبووبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکەی دوو هەزار دینار دابەزیوە.
 
رەهێڵ محەممەد، خاوەنی گۆشتفرۆشی پاشا لە سلێمانی بە رووداوی گوت؛ ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزارە و گۆشتی گوێرەکە کیلۆی بە 20 هەزار و گۆشتی بەستووش بە 10 هەزار دینارە.
 
رەهێڵ محەممەد دەڵیت، ئەمڕۆ کیلۆیەک گۆشتی بەرخ لەچاو رۆژانی رابردوو لە بازاڕدا هەزار دینار دابەزیوە و لەچاو دوو هەفتەی رابردووش نرخەکە دوو هەزار دینار هەرزانتر بووە، هاوکات سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: "کۆمەڵێک رێکاری دیکە گیراونەتەبەر و چاوەڕێ دەکەین نرخەکە زیاتر دابەزێت".
 
ئەمڕۆ قایمقامیەتی سلێمانی راگەیێنرداوێکی لەبارەی هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵ بۆ پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەمەبەستی دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەروبوومی ئاژەڵ و پەلەوەر لە پارێزگای سلێمانی، چەند رێکارێک دەگرینەبەر، كه‌ ئه‌وانیش هاندانی بازرگانان بۆ هاورده‌كردنی ئاژه‌ڵی زیندو بۆ سه‌ربڕین، زیادكردنی بڕی گۆشتی به‌ستووی هاورده‌كراو له‌گه‌ڵ رێگری لە هەناردەکردنی ئاژه‌ڵی زیندوو بۆ ده‌ره‌وه‌".