بەشێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکان: لە بازگەکانی کەرکووک دەبێ 6 بۆ 7 کاژێر چاوەڕێ بکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەحمەد کاڵا و پێداویستی لە هەولێرەوە دەگوازێتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام قەرەباڵغی بازگەکان وای لێکردووە، لەبری زیاتر لە کاروانێک، رۆژانە تەنیا یەک بار بگەیێنێتە جێ.
 
ئەحمەد حاتەم بە رووداوی گوت، "لە کاژێر 10:00ـی بەیانییەوە وەستاوم ئێستا 12:00ـی نیوەڕۆیە، دوو کاژێرە لێرەم، سایدەکە دەبێتە چوار یان پێنج، جاران دەهاتمە کەرکووک چوار بۆ پێنج کاروانم دەکرد، ئێستا یەک کاروان دەکەم و 12:00 دەگەمەوە".
 
هۆڕنی بەرز و کێبڕکێی توندی بازگەکان لەوکاتەی قەرەباڵغی دروست دەبێت، هەرایەکی گەورە دروست دەکات، تا چاو بڕ بکات، ریزی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە و لە چاوەڕوانی تێپەڕبووندان.
 
گرفتەکە تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی خەڵک نییە، تەنانەت کێشە بۆ بارهەڵگرە حکومیەکانیش دروست بووە.
 
رافع خەڵەف، شۆفێری بارهەڵگری حکومییە و دەڵێت، "برام ئێمە لە بریکارەکانی خۆراکین، خۆراک دابەش دەکەین، ئۆتۆمبێلەکانمان حکومین، سەر بە وەزارەتی بازرگانین، ئێمە دێین پێنج بۆ شەش کاژێر دەوەستین، زۆر ماندووین لەم بابەتە، نابێ بەو جۆرە بەردەوام بێت، ناکرێ 10:00ـی بەیانی بێین و 05:00ـی ئێوارە تێپەڕین، خودا قبوڵ ناکات، لەکاتێکدا ئێمە سەر بە وەزارەتی بازرگانین".
 
عەقیل عەلی، شۆفێری بارهەڵگرە و دەڵێت، "لەبەر ئەم سۆنار و قەرەباڵغیەیە کە رۆژانە هەر بەو جۆرەیە، داوا لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان دەکەم، داوا لە فەرماندەی پۆلیس دەکەم، نابێ رۆژانە کاژێرێک و دووان بووەستین لەبەر خاتری سۆنار".
 
بەرپرسانی ئەمنی لە سنوری پارێزگای کەرکووک رایدەگەیەنن، ئەو کێشەیەی لە بازگەکان هەیە تەنیا پەیوەستە بە سۆنارەوە، کە بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی عێراق ماوەیەکە جێگیرکراوە لەپێناو پاراستنی دۆخی ئەمنی و رێگری لەتێپەڕبوونی هەر شتێکی نامۆ و مەترسیدار لەنێو بارهەڵگرەکان.
 
هاوکات لەگەڵ بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەم پرسە بڕیاردرا، لەو کاژێرەی ئامێری سۆنارەکە دەکوژێتەوە، ئامێرێکی دیکە بخرێتەکار تا قەرەباڵغی زۆر دروست نەبێت.
 
قەرەباڵغی بارهەڵگرەکان وایکردووە، تەنانەت هەندێ کات کێشە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووکیش دروست بێت.
 
هەربۆیە پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ بەردەوام سەرقاڵی کردنەوەی رێگاکەن، خەڵکی گوندەکانیش کە دەکەونە ئەودیوی بازگەکان تەواو هەراسان بوون.