سەرۆکی رێکخراوی سرووشتیی عێراق: نزیکەی 30٪ـی گامێشەکانی عێراق لە نێوچوون

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رێکخراوی سرووشتیی عێراق رایگەیاند، زۆنگاوەکانی عێراق لە دوای ساڵی 2020 رووبەڕووی وشکەساڵییەکی تووند بوونەتەوە و دانیشتووانەکەی، بە تایبەتی گامێشەوانەکان ناچارن ساڵانە زیاتر لە جارێک کۆچ بکەن.
 
"گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر پێشیلکردنی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان" ناونیشانی یەکەم پانێڵی دووەم رۆژی کۆڕبەندی هەولێرە، کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوەوە رێکخراوە.
 
جاسم ئەسەدی، سەرۆکی رێکخراوی سرووشتیی عێراق، کە یەکێک بوو لە قسەکەرانی ئەو پانێڵە، باسی مێژووی زۆنگاوەکانی عێراقی کرد و گوتی: "زۆنگاوەکانی عێراق ریشەیەکی مێژوویی قوڵیان هەیە و بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێنەوە، دانیشتووانەکەی زیاتر لە 270 وشەی سۆمەری و ئەکەدی بەکاردەهێنن. هەروەها رەفتار و نەریتەکانیان لە زۆر لایەنەوە لە سۆمەرییەکانەوە نزیکە."
 
بە گشتیی سێ زۆنگاوی گەورە لە عێراق هەن، رووبەرەکەیان نزیکەی 10 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لە وەرزی لافاوەکاندا دەگاتە زیاتر لە 20 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، واتە رووبەری وڵاتێکی وەکو لوبنان.
 
زۆنگاوەکان لە دوای ساڵی 1991 لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە رووبەڕووی لەنێوبردن بوونەوە. دانیشتووانەکەی ناچار بوون کۆچ بکەن. ئەسەدی دەڵێت: "ئێستا کۆمەڵگەیەکمان هەیە لە بەخێوکەرانی گامێش کە نەیاندەتوانی بە عەرەبی بخوێننەوە و بنووسن، ئەمڕۆ بە ئینگلیزی لە شارێکی وەکو دیترۆیت قسە دەکەن."
 
لە دوای 2003 زۆنگاوەکانی عێراق بووژانەوە، بەڵام جاسم ئەسەدی دەڵێت، "حکومەت دەستی لە بووژانەوەکە نەبوو، بەڵکو دانیشتووانە رەسەنەکەی زۆنگاوەکان، خۆیان بەربەستەکانی ئاویان شکاندن." 
 
سەرۆکی رێکخراوی سرووشتیی عێراق جبایشی بە نموونە هێنایەوە و گوتی: "ساڵی 2002 تەنیا نزیکەی 6000 کەس مابوون. ئەمڕۆ ناوچەکە دووبارە ناسنامەی دانیشتوانی خۆی بەدەستهێناوەتەوە و ژمارەی دانیشتووانی گەیشتووەتە 61 هەزار کەس."
 
جاسم ئەسەدی ئاماژەی بەوەدا کاتێک زۆنگاوەکان لەلایەن دانیشتووانەکەی بووژێندرانەوە ئاستی ئاوی دیجلە و فورات بەرز بوو. 
 
سەرۆکی رێکخراوی سرووشتیی عێراق گوتی، لە ساڵی 2005 پلانێک دانرا،  بۆ گەڕاندنەوەی 5600 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە رووبەری زۆنگاوەکان، بەڵام ئامانجەکە بەدینەهات، تەنیا لە ساڵی 2019 نەبێت، کە ئاو زۆر بوو و کۆگاکردنی ئاوی بەنداوەکان گەیشتە 65 ملیار مەتر سێجا. رووبەری ژێرئاوخستنی هۆرەکان گەیشتە 97٪.
 
هۆرەکانی عێراق رووبەڕووی چەندین شەپۆلی وشکەساڵی بوونەتەوە، لەوانە لە ساڵی 2009 و 2015 و 2018، ئێستاش جارێکی دیکە رووبەڕووی وشکبوون بوونەتەوە.
 
جاسم ئەسەدی دەڵێت: "سەخترین وشکەساڵی ئەوەیە کە لە کۆتایی ساڵی 2020 دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە. وشکەساڵییەکی سەختە، نزیکەی 30%ی گامێشمان لەدەستداوە، زیاتر لە 95%ی یەدەگی ماسی هۆرەکانمان لە دەستداوە، جگە لە جۆراوجۆرییەکی زۆری ژینگەیی."
 
ساڵی 2016 هۆرەکانی عێراق خرانە لیستی میراتی جیهانیی رێکخراوی یونسکۆوە. ئەویش بەهۆی فرەچەشنی ژینگەکەی لە بوونی باڵندە و رووەکی دەگمەن. 
 
جاسم ئەسەدی، چەندین باڵندە و رووەک مەترسی لە نێوچوونیان لەسەرە، لەوانە چۆلەکەی قامیشی بەسرە کە لە وەرزی هاویندا لە باشووری ئەفریقاوە کۆچ دەکات بۆ زۆنگاوەکانی عێراق.
 
سەرۆکی رێکخراوی سرووشتیی عێراق، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی سوێری ئاوی هۆرەکان، دانیشتووانەکەی ناچارن بەردەوامن شوێنەکانیان بگۆڕن، بۆ نموونە گامێشەوانەکان دەکرێت ساڵانە سێ یان چوار جار شوێنەکانیان بگۆڕن.
 
بەبڕوای جاسم ئەسەدی، مەترسیدارترین کۆچ، کۆچی هۆرنیشینەکانە بۆ دەرەوەی هۆرەکان، چونکە بەشێکی زۆری گامێشەکانیان لەدەست دەدەن، یان دەیفرۆشن، ناچارن لە شوێنی نوێ نیشتەجێ ببن.