سەزایی تەمەللی بۆ رووداو: دەبێت مافی هەموو گەلان لە دەستووردا پارێزراو بێت
رووداو دیجیتاڵ
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە رووداوی گوت: مافی هەموو گەلێکە کە مافەکانی لە دەستووردا پارێزراو بێت و جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە لە دەستووری نوێدا دیموکراسی بەتەواوی جێگیر بکرێت.
سەزایی تەمەللی ئاماژەی بە پرسی ئاشتی و چەکدانان لە تورکیا کرد و گوتی: "قۆناخی چەکدانان تاوەکو ئێستا بەرەوپێشچوونی بەخۆوە نەبینیوە، چونکە چەکدانان پێویستی بە مسۆگەرکردنی مافی یاسایی هەیە."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی داوای کرد دەرگەی گفتوگۆ بە رووی پرسی ئاشتی دا دانەخرێت و پڕۆسەکە بەردەوام بێت. هەروەها داوای لە پەرلەمانی تورکیا کرد کە بۆ پرسی ئاشتی پەلە بکات و رایگەیاند: "زۆر گرنگە پرسی ئاشتی لە تورکیا بەزوویی بەرەوپێش ببرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، تەمەللی باسی لە دۆخی زیندانیان کرد و داوای کرد لێبووردنی یاسایی بۆ زیندانییانی نەخۆش و پەککەوتە جێبەجێ بکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، سەزایی تەمەللی ئاماژەی بەوە کرد کە داواکراوە پەرلەمانی تورکیا دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان، بەزوویی کۆببێتەوە و پرسی ئاشتی تاوتوێ بکات.