پەیامی نوێی ئۆجەلان: پرۆسەی چارەسەری هێندەی سەرەتای دروستبوونی کۆماری تورکیا گرنگە
رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پەکەکە تەنیا چەک نا، بیری چەکداریی رەتکردووەتەوە و پرۆسەی ئاشتی بەقەد سەرەتای دروستبوونی کۆماری تورکیا گرنگە.
ئۆجەلان ئەمڕۆ 27ی شوباتی 2026 پەیامەکەی بڵاوکردەوە، لە یادی یەک ساڵەی پەیامی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە 27ی شوباتی 2025.
پەیامەکەی لە لایەن شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە هۆڵی یەڵماز گیونەی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، "تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن.. ئیرادەی ئەردۆغان و باخچەلی و هاوکاریی ئۆزەل لە پرۆسەی چارەسەریدا گرنگن".
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجی لە پرۆسەی ئاشتی تەنیا تورکیا ناگرێتەوە، بەڵکو بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و "وەکو چۆن ئایین ناسەپێندرێت، نابێت نەتەوەش بسەپێندرێت".
دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان:
بانگەوازەکەمان لە 27ی شوباتی 2025، گوزارشتە لەوەی لەو شوێنەی سیاسەتی دیموکراتیک جێگیر دەبێت، چەک واتای خۆی لەدەست دەدات؛ هەروەها راگەیاندنێکی ئاشکرایە بۆ هەڵبژاردنی رێگەی سیاسی و تەواوکردنی بنەماکان.
ئێمە بە ئیرادە و پراکتیکی یەک لایەنە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی قۆناخی راپەڕینی نەرێنیمان تێپەڕاند. پڕۆسەی رابردوو لێهاتوویی و هێزی ئێمەی بۆ دانوستاندن دووپات کردەوە و دەتوانین رێگە بۆ وەرچەرخان لە سیاسەتی تووندوتیژی و پارچەپارچەکردن بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و یەکگرتن (ئینتیگراسیۆن) بکەینەوە.
بانگەواز، کۆنفرانس و کۆنگرەکانمان بۆ ئەم مەبەستە بوون. بڕیارەکانی رێکخراو بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری، تەنیا رەتکردنەوەیەکی فەرمی و پراکتیکیی تووندوتیژی نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا نیشاندەری وەرچەرخانێکی دەروونی بوو بەرەو رێگەیەکی سیاسی. ئەمە هاوکات راگەیاندنی پێکهاتنێکی دەروونی بوو لەگەڵ کۆماردا.
من ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، هاوکاریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵەکانی هەموو کەسایەتی و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی دیکە کە ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد، بە زۆر گرنگ دەبینم. بە تایبەتیش جارێکی دیکە یادی هەڤاڵمان "سرری سورەییا" بە رێز و حەسرەتێکی گەورەوە دەکەمەوە.
تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن. ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی رەسەنە. نووسینە بنەڕەتییەکان لە پڕۆسەی دامەزراندنی کۆماردا، یەکێتیی تورک و کوردیان نیشان دەدا. بانگەوازەکەمان لە 27ی شوباتدا هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو رۆحی یەکێتییە و داواکارییەکە بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک. مەبەستمان بوو میکانیزمی خوێن و ململانێ بشکێنین. لەبری بینینی مێژووی بوون، جیدییەت و مەترسییە شاراوەکانی کێشەکە، ئەگەر بەپێی بەرژەوەندیی سیاسیی کاتی و تەسک بجوڵێینەوە، ئەوا هەموومان لاواز دەبین. هەوڵدان بۆ بەردەوامبوونی ئینکار و راپەڕین، هەوڵدانە بۆ بەردەوامبوونی گەورەترین ناڕێکی. ئێمە ئەو کۆسپانەی بەردەم یەکێتی لادەبەین کە لە 200 ساڵی رابردوودا دەویسترا ئەم یەکێتییە بشێوێنرێت؛ ئێمە مەرجەکانی یاسای یەکێتی جێبەجێ دەکەین. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن بگەینە لای یەک و ژیانی پێکەوەیی بنیاد بنێین.
ئێستا دەبێت لە قۆناخی نەرێنییەوە بەرەو قۆناخی ئەرێنیی بنیادنان هەنگاو بنێین. رێگە بۆ سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە سەردەمی سیاسەتی تووندوتیژی کۆتایی پێ بهێنین و پڕۆسەیەک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا بکەینەوە. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین لەم بوارەدا دەرفەت بخوڵقێنن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێکهاتنی دیموکراتیک و یەکگرتن، بنەماکانی هۆشیاریی قۆناخی ئەرێنین. قۆناخی ئەرێنی شێوازەکانی تێکۆشانی زۆرەملێ و تووندوتیژی وەلا دەنێت. ئامانجی بنیادنانی ئەرێنی دەستبەسەرداگرتنی هیچ دامەزراوە یان پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بەشداری لە بنیادنانی کۆمەڵایەتیدا بکات. ئامانج ئەوەیە بنیادنانەکە بە یەکەوە و لەنێو کۆمەڵگەدا بێت. گرووپە چەوساوەکان، گرووپە نەتەوەیی، ئایینی و کولتوورییەکان دەتوانن لە رێگەی تێکۆشانی دیموکراتیکی بەردەوام و رێکخراوەوە، خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانیان بکەن. لەم پڕۆسەیەدا زۆر گرنگە کە دەوڵەت وەڵامی وەرچەرخانی دیموکراتیک بداتەوە.
یەکگرتنی دیموکراتیک بە لایەنی کەمەوە بەقەد سەرەتای دامەزراندنی کۆمار گرنگە. ئەوە بانگەوازێکە کە بەقەد ئەو سەردەمە واتا و پاشەڕۆژ و دەوڵەمەندی لەخۆ دەگرێت. لە بنەڕەتەکەیدا مۆدێلی کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەیە. ئەوە جێگرەوەیەکە بۆ شێوازە پارچەکەرەکان یان شێوازە ئاسیمیلاسیۆنیستەکان (تواندنەوە). بۆ گواستنەوە بەرەو یەکگرتنی دیموکراتیک، پێویستیمان بە یاساکانی ئاشتی هەیە. چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بنیادنانی تەلارسازی و یاسایەک لە چوارچێوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریدا پێشبینی دەکات.
زۆرێک لەو کێشە و قەیرانانەی ئەمڕۆ رووبەڕوویان دەبینەوە، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی دیموکراتیکەوە دروست بوون. ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیکدا بەرگری لە چارەسەرێکی یاسایی دەکەین. پێویستیمان بە تێڕوانینێکە کە فەزا بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بۆ دیموکراسی بکاتەوە و بۆ ئەمەش گەرەنتیی یاسایی بەهێز بنیاد بنێت.
هاووڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای لایەنگیریی بۆ نەتەوەیەک. ئێمە بەرگری لە هاووڵاتیبوونێکی ئازاد دەکەین کە سەرکردایەتیی ئازادیی ئایین، نەتەوە و بیروڕا بکات. وەک چۆن ئایین و زمان ناسەپێندرێن، نابێت نەتەوەبوونیش بسەپێندرێت. پەیوەندیی هاووڵاتیبوونی یاسایی، لەنێو سنوورە دیموکراتیکەکان و لەسەر بنەمای یەکپارچەیی دەوڵەت، مافی دەربڕین و رێکخستنی ئازادانەی ناسنامەی ئایینی، ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ، هیچ سیستمێکی بیرکردنەوە بەبێ بنیادنان لەسەر دیموکراسی ناتوانێت بژی. وەستان و چەقبەستوویی، ئاڵۆزی و قەیرانەکان کاتین؛ لە کۆتاییدا دیموکراسی دەبێتە هەمیشەیی. بانگەوازەکەمان ئامانجی ئەوەیە نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا، چارەسەر بۆ کێشەی ژیانی پێکەوەیی و ئەو قەیرانانە بدۆزێتەوە کە لێیەوە دەبن. ئێمە بەرگری لە مافی بوون و دەربڕینی ئازادانەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە رووبەڕووی نادادپەروەری بوونەتەوە.
ژن هێزێکی کۆمەڵایەتیی پێشەنگە کە هیچ کۆمەڵگە یان دەوڵەتێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوان ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەمڕۆ، تووندوتیژیی نێو خێزان، کوشتنی ژنان و چەوسانەوەی باوکسالاری، هەموویان نیشانە هاوچەرخەکانی ئەو هێرشە مێژووییەن کە بە کۆیلەکردنی ژنان دەستی پێ کردووە. لەبەر ئەوە، ژنان ئازادیخوازترین پێکهاتە و هێزی بەهێزکردنی یەکگرتنی دیموکراتیکن.
زمانی ئەم سەردەمە نابێت باڵادەست و سەپێنەر بێت. دەبێت دەرفەت بدەین بە هەر کەسێکی دیکە کە بتوانێت بە شێوەیەکی راست گوزارشت لە خۆی بکات، بەوردیی گوێ بگرێت و راستییەکانی خۆی دەرببڕێت. بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئەم خاڵانە، پێویستیمان بە عەقڵێکی هاوبەشی پێشکەوتوو هەیە کە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە بێت.
سڵاو و رێز.