بەهۆی بەفرەوە؛ لە 13 پارێزگای باکووری کوردستان لە قوتابخانەکان کرا بە پشوو
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و ناجێگیریی کەشوهەوا، لە 13 پارێزگای باکووری کوردستان و حەوت پارێزگای تورکیا لە ناوەندەکانی خوێندن کرایە پشوو؛ هاوکات مۆڵەتی کارگێڕیش بۆ بەشێک لە فەرمانبەران راگەیێندرا.
رۆژی هەینی، 27-02-2026، بەهۆی خراپیی دۆخی کەشوهەوا، لە پارێزگاکانی (وان، بەدلیس، جۆلەمێرگ، سێرت، دێرسم، مەڕەش، ئەرزەڕۆم، ئەرزینگان، سێواز، چەولیگ، شرنەخ، ئەردەخان و مەڵەتی) لە باکووری کوردستان و حەوت پارێزگای تورکیا، پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکاندا راگیرا.
بەپێی بڕیاری پارێزگاکان، لەو ناوچانەی کە پشووی خوێندنیان تێدا راگەیێندراوە، ئەو فەرمانبەرە حکومییانەی کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن یان ژنانی دووگیانن، ناچنە سەر کارەکانیان و ئەو رۆژەیان وەک مۆڵەتی کارگێڕی بۆ هەژمار دەکرێت.
ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین بەشێکی زۆری ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە و ئاستەنگی بۆ ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروستکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییان لە ئەگەری دروستبوونی کێشە لە هاتووچۆ، بەستەڵەک، کڕێوە و رەنووی بەفر. داواش کراوە هاووڵاتییان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیانیان لە کاتی گەشتکردن لە نێوان شارەکاندا.