كەسوكاری مەلاكەی حاجیاوا: دژە تیرۆر مەلا سدیقیان رفاندووە
رووداو - حاجیاوا
ماوەی هەفتەیەكە چارەنووسی مەلایەك لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دیار نییە، ئەندامێكی سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی و كەسوكارەكەشی دەڵێن هێزێكی دژە تیرۆر لە قەلاچوالانەوە هاتوون و ئەو مەلایەیان بردووە.
شەوی 19/3/2017 لە دوای نوێژی خەوتنان، مەلا سدیق عومەر خۆشناو، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی شێنێیانی خواروو لە كفرەدۆڵی شارۆچكەی حاجیاوا، لەلایەن هێزێكی دەمامكدارەوە بردرا. گرتنی ئەو مەلایە لەلایەن ئەو هێزە دەمامكدارەوە هەر زوو كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. رۆژی 21/3/2017 ژمارەیەك خەڵكی شارۆچكەی حاجیاوا بۆ ئیدانەی رفاندن و دەستگیركردنی مەلا سدیق خۆشناو لەبەردەم مزگەوتەكەی كۆبوونەوە.
ئەو مەلایە پێشتر كادیری بزووتنەوەی ئیسلامی بووە. سەرباز خۆشناو، ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی سەبارەت بە دوایین زانیارییەكان لەسەر دیارنەمانی ئەو مەلایە بە(رووداو)ی راگەیاند "بەپێی زانیارییەكانی من و ئەوەی كە لە كەسوكاری پرسیوومە، دەڵێن هێزێكی دژە تیرۆر لە قەلاچوالانەوە ئەو مامۆستا ئاینییەیان رفاندووە، بەڵام ئەوە تەنیا دەنگۆیە و لەوەش دەچێت راست بێت".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتیشی، هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكان (ئاسایش و پۆلیس) بە تایبەتی زۆر هاوكار نین لە بابەتەكە و خۆدەدزنەوە "چونكە دەچینە لای هەر لایەنێك دەڵێن ئێمە ئاگادار نین لە رووداوەكە".
عەلی عومەر، برای مەلا سدیق، لەبارەی ئەوەی دەگوترێ براكەی لەلایەن دژە تیرۆرەوە رفێنراوە، گوتی "سەرچاوەیەكی ئاگادار پێیگوتووین كە مامۆستا لە سنووری پارێزگای سلێمانییە و بەرپرسانی ئەمنیی ئەو ناوچەیە رفاندوویانە، بەڵام جارێ تاوەكو دڵنیا نەبمەوە ناتوانم پێتان بڵێم دژەتیرۆرە یان هەر هێزێكی دیكەیە رفاندوویانە، راستە بە ئێمەیان گوتووە كە دژەتیرۆر بردوویانە، بەڵام جارێ ناتوانین بڵێن ئەوانن تاوەكو دڵنیا نەبمەوە".
رۆژی یەكشەممە 26/3/2017، لیژنەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كە پێكهاتبوون لە (شوان قەڵادزەیی، ئەبوبەكر هەڵەدنی، غەریب پێنجوێنی و قادر رەزگەیی و مریەم سەمەد و زولفان ئەحمەد) سەردانی ئەوقافی راپەڕینیان كردووە و دواتر لە نزیكەوە سەردانی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی ناوچەكەیان كردووە و پاشان سەردانی ماڵی مەلا سدیقیان كردووە.
بەگوتەی كەسوكارەكەی، ئەوان بەڵێنیان پێداون كە لە نزیكەوە بەدواداچوونی ورد بكەن و بەدوای وەڵامێك و سەرەداوێكدا بگەڕین كە كێ مەلا سدیقی رفاندووە.
غەریب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەڕین بە (رووداو)ی راگەیاند "مامۆستا سدیق فەرمانبەری ئێمەیە و لەنزیكەوە ئاگاداری كارەكانی ئەو بووین، رۆژی یەكشەممە لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی ئێمەیان كرد و تەواوی وردەكارییەكانمان لەبارەی ئەو رووداوەی مامۆستا سدیق بەو لیژنەیە گوت و دواتر سەردانی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی دیكەیان كردووە".
گوتیشی: "ئەوەی تاوەكو ئێستا هەیە رفێنراوە، بەڵام لایەنە ئەمنییەكان هیچ بەئێمە ناڵێن و دەڵێن ئاگاداری ئەو رووداوە نین. دەشگوترێت كە هێزێك لە هەولێرەوە هاتووە، یان هێزێك لە سلێمانییەوە هاتووە، بەڵام ئێمە ئەوەمان تاوەكو ئێستا پشتڕاست نەكردووەتەوە".
محەممەد عەزیز، یەكێك لەو قوتابیانەی كە ماوەی مانگێكە وانەی قورئانی لای مەلا سدیق خوێندووە، شایەتی ئەوەیە كە ئەو كاتە لەناو مزگەوت كۆمەڵێك كەسی دەمامكدراو هاتوونەتە ژوورەوە و مەلاكەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
محەممەد عەزیز بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو كاتەی ئەو هێزە هاتنە ژوورەوە، مامۆستا وانەی قورئانی بە ئێمە دەگوت، هەر ئەوەندە زانیم زیاتر لە حەوت چەكداری دەمامكدار هاتنە ژوورەوە، بە مامۆستایان گوت ئێمە ئاسایشین و دەمانەوێت لەگەڵمان بێیت، مامۆستا گوتی ئێوە سەر بەكوێن و دواتر ئەویان برد و كەلەپچەیان كرد و رۆیشتن".
محەممەد سدیق، كوڕی مامۆستا ئاینییەكە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە كێشەمان لەگەڵ كەس نەبووە و ئەوانەیشی باوكمیان دەستگیركرد دەمامكدراو بوون و چەكیان پێبووە، هەروەها بەشێك لە شوێنەكان كامێرای چاودێری لێبووە، بەڵام گڵۆپی ئەو شوێنەیان كوژاندبووەوە كە كامێرای لێبووە، ئەمە ئەوە دەگەیێنێت كە دەستێك لە پشت ئەو كارەوە هەیە، چونكە گڵۆپەكان لەسەر جادەی گشتین و هی حكومەتن".
مەلا سدیق دوو ژن و 11 منداڵی هەیە. بوشرا عەزیز كە یەكێكە لە هاوژینەكانی بە (رووداو)ی راگەیاند "پێشتر دوو جاری دیكە دەستگیر كراوە، بەڵام هیچی لەسەر ساخ نەبووەتەوە و ئازاد كراوە، سێ ساڵ لەمەوبەر لە گوندی ئەنگۆز مەفرەزەیەك هاتنە ماڵەوە و دەستگیریان كرد، ساڵی 2004 لە هەولێر بردیان، گوتیان دوو دەقە ئیشمان پێیە، بەڵام دوای دوو ساڵ ئینجا ئازادیان كرد".