لە ئامەد بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسدا تەقییەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان رایگەیاند، بۆمبێک لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسدا لەسەر شەقامی قامشلۆ تەقیوەتەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگا، تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.
پارێزگای ئامەد لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026، کاژێر 18:34 لە یەکتربڕی شەقامی قامشلۆ و کۆڵانی نەورۆز، بۆمبێکی دەستکرد بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسدا تەقیوەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای ئامەددا هاتووە: "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی پۆلیس کە بە ناوچەکەدا تێپەڕیوە، بەسەر کیسەیەکدا رۆیشتووە کە لە لێواری رێگەکە دانرابوو و تەقەمەنیی دەستکردی تێدابووە. لەو کاتەدا تەقینەوەکە روویداوە، بەڵام هیچ برینداربوونێک نەبووە و زیانیش بەر ئۆتۆمبێلەکە نەکەوتووە."
سەبارەت بە وردەکاریی دانانی بۆمبەکە، پارێزگا ئاماژەی بەوە کردووە کە کامێراکانی چاودێری گرتەی کەسێکیان تۆمار کردووە کە کاژێر 18:21 بە ماتۆڕسکیلێک ئەو کیسەیەی لە لێواری رێگەکە داناوە. دوای دانانی کیسەکە، چەندین ئۆتۆمبێلی دیکەش بە هەمان رێگەدا تێپەڕیون و تەقینەوەکە نزیکەی 12 خولەک دواتر روویداوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، لە سیستمی تەقەمەنییەکەدا هیچ میکانیزمێکی کۆنترۆڵکردن لە دوورەوە نەدۆزراوەتەوە. هەر بۆیە پارێزگای ئامەد دەڵێت: "لەەم قۆناخەدا هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئۆتۆمبێلی پۆلیس راستەوخۆ کرابێتە ئامانج."
دوای رووداوەکە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئامەد دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و هێزە ئەمنییەکانیش لە هەوڵی ناسینەوە و دەستگیرکردنی ئەو گومانلێکراوەدان کە بە ماتۆڕسکیلەکە تەقەمەنییەکەی لەو شوێنە داناوە.