وەزارەتی پەروەردە: ئامادەبوونی قوتابییان لە پۆلدا ئارەزوومەندانەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا رۆژی یەکشەممە دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکرێنەوە، راشیگەیاند کە ئامادەبوونی فیزیکیی قوتابییان لە ناو پۆلەکان دا ئارەزوومەندانە دەبێت و دەتوانن سوود لە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرن.
رۆژی هەینی، 27ی ئاداری 2026، وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکی لەبارەی وردەکاریی دەستپێکردنەوەی دەوامی لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە: "رۆژی یەکشەممە، 29ی ئاداری 2026، دەوام دەستپێدەکاتەوە.
بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکانی وەزارەت، هەر بەخێوکارێکی قوتابی نەیەوێت منداڵەکەی بە شێوەی فیزیکی لە قوتابخانە ئامادە بێت، "غیاباتی بۆ هەژمار ناکرێت"، بەو مەرجەی فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە. ئەم پۆلێنە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانیش دەگرێتەوە و قوتابییان دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانەوە درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام بۆ تاقیکردنەوەکان پێویستە بەپێی خشتەی دیاریکراو لە قوتابخانە ئامادە بن.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە کە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان پابەند دەبن بە دابینکردنی خوێندنی ئۆنلاین بۆ ئەو قوتابییانەی نایەنەوە ناو باڵەخانەی قوتابخانە.
سەبارەت بە قوتابخانە بیانییەکانیش، دەستەی کارگێڕییان سەرپشک کراوە کە تەواوی خوێندن بکەنە ئەلیکترۆنی یان هاوشێوەی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان کار بکەن.
سەبارەت بەو قوتابییانەی تاقیکردنەوەی نیشتمانی و وەزارییان هەیە (پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی)، وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی دەداتە قوتابیان کە "ساڵنامەی خوێندن"یان بۆ هەموار دەکرێتەوە تاوەکو هیچ گرفتێک بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵیان دروست نەبێت.
وەزارەت داوا لە قوتابییان دەکات بۆ درێژەدان بە خوێندن سوود لەم پلاتفۆرمانە وەربگرن:
پلاتفۆرمی (ئی-وانە): بۆ پۆلەکانی 1 تاوەکو 12ی ئامادەیی
پلاتفۆرمی (قوتابخانەکەم): تایبەت بە پۆلەکانی 1 تاوەکو 6ی بنەڕەتی
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە مامۆستایان لە رێگەی گرووپەکانی قوتابخانە و ئەپڵیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن"ـەوە بەردەوام دەبن لە ناردنی ئەرکی ماڵەوە بۆ ئەو قوتابییانەی کە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنییان هەڵبژاردووە.