رووداو یەکەمین میدیای دیاسپۆرا بە کوردی رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 28ی ئاداری 2026 دەبێتە رۆژێکی نوێ لە مێژووی میدیای کوردستان لە دیاسپۆرادا. سبەی دیاسپۆرای کوردستانی میدیایەکی تایبەت بەخۆی دەبێ بەناوی (رووداو دیاسپۆرا). پڕۆژەکە بۆ ئەم قۆناخە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبێت. ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە هاوکاری هەموو کوردستانییانە.
 
بۆ ماوەی 6 ساڵ، لە ساڵی 2020ەوە، پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیی هەفتانە بەناوی (دیاسپۆرا) لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێش دەکرێت و بەردەوامە. بە زیادکردنی لاپەڕەکانی (رووداو دیاسپۆرا) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا، پڕۆژەکە دەچێتە قۆناخێکی تازەوە.
 
رووداو لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بایەخی بە دیاسپۆرای کوردستانی داوە. لە ساڵی 2008ەوە (هەفتەنامەی رووداو)، وەک تاکە رۆژنامەی کوردستان، لاپەڕەی تایبەتی بۆ دیاسپۆرا تەرخان کرد، دواتر هەفتەنامەیەکی تایبەتیشی بۆ دیاسپۆرا بە ناوی (رووداو – چاپی ئەورووپا) لە فرانکفۆرت چاپکرد و لە زۆر وڵاتی ئەورووپا بڵاویکردەوە.
 
لەکاتی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداویشەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەمیشە هەواڵەکان و ژیانی رۆژانەی دیاسپۆرای کوردستانی لەسەر تەلەڤزیۆنی رووداو، رادیۆی رووداو و دیجیتاڵ میدیای رووداو بووە. ئەو بایەخپێدانە لەبەر ئەوەبووە کە دیاسپۆرا بەشێکبووە لە روانگەی کاری رۆژنامەڤانییانەی رووداو بۆ پێکەوەبەستنەوەی کوردستانیان لە کوردستان و هەموو جیهان بە هەواڵ و زانیاری هاوبەشەوە.
 
دیاسپۆرای کوردستانی هێزێکی گەورەی مرۆییە، نەوە تازەکانی کورد لە دیاسپۆرا خاوەن توانا و پەیوەندی و تێکەڵاوییەکی فراوانن. هەروەک چۆن دیاسپۆرای کوردستانی بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو پشتیوانێکی مەزنی کوردستان بووە، ئەمڕۆ هێزەکەی کاریگەرتر دەبێت.
 
(رووداو دیاسپۆرا) تەنیا هەواڵ ناگوازێتەوە، بەڵکو جۆرەها خزمەتگوزاریش پێشکێشی کوردستانییانی دیاسپۆرا دەکات. لەمەودوا دیاسپۆرا میدیایەکیان دەبێ کە وەڵامدەرەوەی پێویستی و پرسیارەکانیان دەبێت بە زمانی کوردی و ئینگلیزی. بۆ ئەوەی تێگەیشتن لەو وەڵامانە بۆ دیاسپۆرا ئاسان بکرێ، هەموو زانیارییەک بە کوردی (کرمانجی سەروو و خواروو) و ئینگلیزی بڵاودەکەینەوە.
 
لێرەوە داوا لە تاراوگەنشینان و دامەزراوە کوردییەکانی دیاسپۆرا دەکەین بەشداربن لە سەرخستن و یارمەتیدانی ئەو یەکەمین میدیا کوردییەی بۆ دیاسپۆرا رایدەگەیێنین. ئەویش بە پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی دیاسپۆراوە یانیش لە رێگەی لاپەڕەکانی (رووداو دیاسپۆرا) پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ گەیاندنی هەواڵەکانی نێو کۆمەڵگەکانیان، بە هەواڵی سەرکەوتن، چالاکی، خۆپیشاندان، شین و شاییەکانیانەوە. زۆریش گرنگە بە تێبینی و پێشنیازەکانیان پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر و باشتر بکەن.
 
تۆڕی میدیایی رووداو
27ی ئاداری 2026
دووسلدۆرف - ئەڵمانیا 
 
 
هێڵی گەرمی دیاسپۆرا
00491736666046
 
لاپەڕەکانی (رووداو دیاسپۆرا) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا:
 
فەیسبووک (کلیک بکە)
 
ئینستاگرام (کلیک بکە)
 
یوتیووب (کلیک بکە)