پێشمەرگە پێویستی بە 10 هەزار ماسكی دژە كیمیاییە
رووداو - مەخموور
هێزەكانی پێشمەرگە چەندینجار لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بە چەكی كیمیایی هێرشیان كراوەتە سەر، دوایین هێرش شەوی سێشەممەی رابردوو لە میحوەری مەخموور روویدا. بەڵام فەرماندەكانی پێشمەرگە دەڵێن جگە لە ئیرادەی خۆیان بۆ تێكشكاندنی ئەم گرووپە، هیچ چارەسەرێكی دیكەیان بۆ چەكە كیمیاییەكان لەبەردەست نییە.
دوایین هێرش لە میحوەری گوێر-مەخموور روویدا كە تەنیا 40 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای هەولێرەوە دوورە. سیروان بارزانی فەرماندەی پێشمەرگە لەو میحوەرە بە رووداوی راگەیاند كە لە ئەنجامی هێرشەكەی داعشدا 6 پێشمەرگە بە هاوەنە كیمیاییەكانی داعش بریندار بوون.
پێشمەرگە هاوسەنگەرەكانی ئەوانەی بریندار بوون بە (رووداو)یان گوت كە بریندارەكان دوای هێرشەكە تووشی هێڵنج و رشانەوە هاتوونە و چاویان دەكزایەوە، ئەمەش ئاشكراترین نیشانەكانی بەركەوتنە بە چەكی كیمیایی.
رێبین رۆژبەیانی، فەرماندەیەكی دیكە لە هەمان میحوەر كە بە سەختترین میحوەری جەنگی داعش دەزانرێت، ئاماژەی بەوەدا كە كەشوهەواكە رێگر بووە لەوەی ژمارەیەكی زیاتر لە پێشمەرگە بەهۆی هاوەنە كیمیاییەكەی داعشەوە ژەهراوی ببن.
رۆژبەیانی بە (رووداو)ی گوت "دوێنێ بای دەهات". بە گوتەی رۆژبەیانی هەر بەهۆی ئەوەشەوە گازە ژەهراوییەكە لە یەك شوێن نەماوەتەوە و قوربانی زیاتری لێنەكەوتووەتەوە.
رۆژبەیانی زیاتر لەسەر میحوەرەكەی خۆیان دوا و گوتی "ئێمە لە یەكێك لە چالاكترین بەرەكانی جەنگی دژی داعش دەجەنگین و كەرەستەیەكی ئەوتۆشمان بۆ بەرگری لە خۆمان لەبەرامبەر چەكە كیمیاییەكان لەبەردەست نییە. كڵاو و جلوبەرگی سەربازیی دژی گازی ژەهراویمان زۆر نییە، بۆ ئەوەی لە كاتی ئەمجۆرە هێرشانەدا بمانپارێزن، تەنانەت دەرمانی گونجاویشمان لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی لە كاتی هێرشی لەمجۆرە بەرگری لە خۆمان بكەین."
چەند سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە بە (رووداو)یان راگەیاند، لە هێرشەكانی داعشدا گازی خەردەل بەكارهێنراوە و هێرشەكەی شەوی سێشەممە دووەم هێرشی لەو جۆرەیە كە لە ماوەی یەك هەفتەدا كرابێت.
لە مانگی شوبات و لەهەمان میحوەر بە لایەنیكەم سێ پێشمەرگە بەهۆی هێرشە كیمیاییەكانی داعشەوە ژەهراوی ببوون، لە مانگی ئابیش داعش 45 هاوەنی ئاراستەی هێزەكانی پێشمەرگە كردبوو.
پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان و سوپای ئەڵمانیا - كە راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكات- رایانگەیاند كە بەڵگەیان لەبەردەستە داعش بە چەكی كیمیایی هێرشی كردووەتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە. لە مانگی ئابیشدا رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی پشتڕاستی كردەوە كە داعش گازی خەردەلی لە دژی پێشمەرگە بەكارهێناوە.
پێشمەرگەكانی میحوەری مەخموور دەڵێن راهێنانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی چەكی كیمیاییان پێكراوە، بەڵام بەڕای ئەوان ئەمە بەس نییە. ئەڵمانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەمجۆرە مەشقەی بەهێزی پێشمەرگە كردووە.
ئێستا رۆژبەیانی خۆی راهێنەری هێزی پێشمەرگەیە و پێشمەرگەكان فێر دەكات لە كاتی هێرشی كیمیاییدا چی بكەن. ئەو باسی راهێنانەكان و كەموكوڕییەكانی هێزی پێشمەرگەی كرد و گوتی "ئەوەی خۆم فێری بووم بەوانیشی دەڵێمەوە، بەڵام دواجار ئەوەی بۆ شۆردنەوەی برینەكان هەمانە، تەنیا ئاو و بلیچە. ئەویش لەبەر ئەوەی بلیچ تاكە ماددەیە لێرە زۆر و زەوەند بێت."
رۆژبەیانی كە خۆی مەشقی تایبەتی بە چەكە كیمیاییەكان وەرگرتووە، گوتی "فێری كۆمەڵێك هەنگاو و تەكنیك كراوین بۆ پاراستنی خۆمان، بەڵام ئەگەر كەلوپەلی پێویستمان لەبەردەست نەبێت، زانین بە تەنیا سوودێكی ئەوتۆی نابێت."
بەگوێرەی راپۆرتێكی گۆڤاری فۆرێن پۆلیسی، بەرپرسانی كورد هۆكاری دواكەوتنی ئەو قیناعانە نازانن، ئەگەرچی ماوەیەكی زۆرە داوایان لە هاوپەیمانان كردووە ئەمجۆرە كڵاوە بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت.
بەرپرسانی كورد داوای دەیان هەزار كڵاوی دژە غازیان كردووە، بۆ ئەوەی بەسەر 65 هەزار پێشمەرگەی بەرەكانی جەنگی دژی داعشدا دابەشی بكەن.
لیوا هەژار ئیسماعیل بە گۆڤارە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە "هێزی پێشمەرگە تەنیا 6 هەزار ماسكی دژە گازی هەیە، لەو ژمارەیەش 4 هەزاریان لەلایەن ئەمریكاوە دابینكراون و بەسەر دوو فیرقەی پێشمەرگەدا دابەشكراون كە ئەمریكییەكان خۆیان مەشقیان پێدەكەن."
ئیسماعیل ئاشكراشی كردووە ئەمریكا بەڵێنی ناردنی 5 هەزار ماسكی دیكەی داوە، بەڵام هەتا ئێستا دیار نییە كەی دەگەنە دەستی پێشمەرگە.
ماسكی دژی گاز دەتوانێت چاو و سییەكان بپارێزێت، بەڵام جلە سەربازییە ئاساییەكان بە هیچ شێوەیەك لەشی پێشمەرگەكان ناپارێزن، لەبەر ئەوەی گازی خەردەل دزە دەكاتە ژێر جلەكان و لەسەر پێستی لەشیان دەنیشێت. پێشمەرگە بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە پێویستی بە قاتی یەكدەستە، بەڵام وەكوو فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی مەخموور باسی دەكەن ئەوان ئەمجۆرە جلەیان نییە.
بەرپرسانی كورد پێیانوایە لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ مەترسییەكانی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن داعشەوە زیاتر بووە، بەڕای ئەوان هیچ دوور نییە داعش بۆ راگرتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق چەكی كیمیایی بەكاربهێنێ.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا بە فۆرین پۆلیسی راگەیاند "بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن داعشەوە زۆر جێگەی دڵەڕاوكێیە، لەبەرئەوەی داعش زۆرتر لە جاران و بە شێوازێكی ئاڵۆزتریش بەكاریان دەهێنێ". بە بۆچوونی بەیان سامی بەرزبوونەوەی ژمارەی هێرشە كیمیاییەكان "ئاماژە و هەڕەشەیەكی روونە كە داعش لە كاتی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی مووسڵ ئەمجۆرە چەكە بەكاردەهێنێ".
پرسی چەكە كیمیاییەكانی داعش تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو لەگەڵ بەرپرسانی پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.
دواكەوتنی ناردنی ئەم ماسكانە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە هەندێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكاشی نیگەران كردووە، تولسی گابارد نوێنەری هاوایی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بەمجۆرە نیگەرانیی خۆی بۆ فۆرین پۆلیسی دەردەبڕێت: "سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگە زۆر سەركەوتووانە جەنگی داعشی كردووە و زیاترین ناوچەی لە دەستی داعش دەرهێناوە، بەڵام هێزەكانیان كەلوپەلی سەربازییان زۆر كەمە، بە تایبەتیش دەبینین كەلوپەلی پێویستی بۆ خۆپاراستن لە چەكی كیمیایی نییە، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر چەكی كیمیایی لە دژی كورد بەكارهێنراوە و ئێستا داعش خەریكە دووبارەی دەكاتەوە."
پیتەر كوك، گوتەبێژی پێنتاگۆن لەبارەی ناردنی ئەمجۆرە ماسكانە بۆ گۆڤارە ئەمریكییەكەی ئاشكرا كردووە كە "لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆداین، بۆ ئەوەی بزانین پێویستیان بە چیدیكە دەبێت."
جیاوازیی بۆچوون لە نێوان شارەزایاندا هەیە سەبارەت بەوەی ئاخۆ داعش لە جەنگی مووسڵدا دەتوانێت گازی خەردەل بەكاربهێنێت یان نا، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا دەڵێن دوای دەستگیركردنی داود ئەلعەفاری لە مانگی شوبات، توانای بەكارهێنانی چەكی كیمیایی داعش زۆر كەم بووەتەوە. ئەلعەفاری شارەزایەكی بواری چەكە كیمیاییەكانی حكومەتی بەعس بووە كە گومان دەكرێت پلاندانەری سەرەكیی بەرهەمهێنانی چەك و هێرشە كیمیاییەكانی داعش بووبێت.
جگە لە هێزی پێشمەرگە، هەزاران سەربازی سوپای عێراقیش لە میحوەری مەخموور جێگیركراون. هەفتەی پێشوو ئاشتن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، لە بەغدا رایگەیاند كە بۆ گرتنەوەی مووسڵ هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق كراوە. كارتەر هەروەها ئاشكرای كرد كە پاكێجێكی هاوكاری دارایی بە بڕی 415 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئەمریكاوە پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریكی بە (رووداو)یان راگەیاند پاكێجی هاوكارییەكان خۆ لە 900 ملیۆن دۆلار دەدات و چاوەڕێش دەكرێت هەتا كۆتایی ئەم مانگە رەوانە بكرێت.
پێشمەرگەكانی بەرەكانی شەڕ لە مەخموور هیواخوازن ئەو پارەیەی ئەمریكا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەنێرێت، بۆ پێداویستییەكانی پاراستنی پێشمەرگە خەرج بكرێت، بەڵام رۆژبەیانی گومانی هەبوو لەوەی ئەم هاوكارییەی واشنتن بۆ كڕینی ماسك و بەرگی دژە غازی كیمیایی تەرخان بكرێت.