فەرمانبەرانی گرێبەستی فەرمانگەیەکی سلێمانی بایکۆتی دەوام رادەگەیێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لە سەرەتای ئەمساڵەوە، فەرمانبەرانی گرێبەستی سەنتەری ئۆتیزم لە سلێمانی، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە، بایکۆتی دەوامیان راگەیاند، یەکێک لەو فەرمانبەرانە دەڵێت، "نازانین کەی مووچەمان پێدەدرێت، لە کاتێکدا بەرزترین مووچەی ئێمە 300 هەزار دینارە." گوتەبێژی وەزارەتی کاریش دەڵێت، هەفتەی داهاتوو مووچە وەردەگرن.
 
بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیانەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-04-2023 فەرمانبەرانی گرێبەستی سەنتەری ئۆتیزم لە سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند. شابان سەلام، یەکێک لەو فەرمانبەرانە بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 30 فەرمانبەری گرێبەستین، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیچ مووچەیەکمان وەرنەگرتووە، دوایین مووچە ساڵی 2022 وەرمانگرتووە، لە کاتێکدا مووچەی ئێمە لەنێوان 250 بۆ 300 هەزار دینارە لە مانگێکدا."
 
ئەو فەرمانبەرە روونیشیکردەوە، بەشێکیان لە ساڵی 2012وە گرێبەستن و تاوەکو ئێستا نەکراونەتە فەرمانبەری هەمیشەیی و دانەمەزرێندراون.
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی کێشەی ئەو فەرمانبەرانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر ئەنجوومەنی وەزیران داوای رای وەزارەتی دارایی کردووە، ئێمەش لە رۆژی 6ی مانگی ئادارەوە نووسراومان کردووە. ئێستا سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەین، بەهۆی جەژن و هەندێک کاری دیکە نووسراوەکە دواکەوت، بەڵام ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر دەکرێت و هەفتەی داهاتوو مووچەیان پێدەدرێت."
 
بەپێی داتاکانی نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست، ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست 28 هەزار فەرمانبەرە و لەو ژمارەیە نزیکەی 14 هەزاریان لەسەر میلاکی وەزارەتی شارەوانین.
 
مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینارە؛ پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێنوێنیی هەبووە هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست خاوەنی سێ ساڵ خزمەت بێت، دوای ئەو ماوەیە دەبێتە فەرمانبەری هەمیشەیی، بەڵام ئەمە راگیراوە.
 
بەپێی نووسراوی ژمارە 4367ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 27-09-2021 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجەوە ئامادە کراوە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، کۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، 10 ملیار و 320 ملیۆن و 725 هەزار دینارە، لە کاتێکدا ئەگەر بکرێنە هەمیشەیی، ئەوا مووچە و دەرماڵەی شایستەی مانگانەیان بریتییە لە حەوت ملیار و 525 ملیۆن و 623 هەزار و 350 دینار، بەو پێیە ئەگەر ئەو فەرمانبەرانە دابمەزرێندرێن، مانگانە دوو ملیار و 805 ملیۆن و 101 هەزار و 650 دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.