نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئوردن: گرنگە سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزین

رووداو دیجیتاڵ
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆبووەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا باسيان له‌ بره‌ودانى زياتر به‌ پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئوردن لە بوارە جیاجياكاندا كرد، هه‌روه‌ها پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانيان تاوتوێ كرد و جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگی بۆ پاراستنى سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.
 
کۆبوونەوەکە ئێواره‌ى ئەمڕۆ يه‌كشه‌ممه‌، 27-4-2025 بوو لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئوردن.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕاى ده‌ربڕينى پێزانینی خۆی بۆ پەیوەندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئوردن، ستایشی رۆڵی ناوچەیی و هەوڵەکانی ئوردنى بۆ بەهێزکردنی ئاشتی کرد. به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئوردنيش، وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی به‌ڕێز سەرۆکى هه‌رێمى كوردستان، خواستى ئوردنى بۆ فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دووپات کردەوە".
 
 
هەر ئەمڕۆ و بەر لە وەزیری دەرەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شای ئوردن کۆبووەوە و "پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێسته‌كانى شانشینی ئوردنيی هاشمی له‌ پشتگيرى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی". نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی ئێکس دا دەڵێت، "پابەندین بە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئوردن".
 
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شا عەبدوڵڵای دووەم، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-04-2025، لە عەممانی پایتەختی ئوردن کرا.
 
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسی: "شەرەفمەندم کە ئەمڕۆ لە عەممان لەگەڵ خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم کۆبوومەوە. سوپاسی خاوەنشکۆ و خەڵکی شانشینی ئوردنم کرد لە بەرامبەر پێشوازییە گەرم و میواندۆستییە مەزنەکەیان و پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شا عەبدوڵڵای دووەم خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ پته‌وكردنى پەیوەندییەکان و هاوکاريی هاوبه‌ش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها داكۆكیی لە پابه‌نديى ئوردن بۆ پشتگيريى هه‌ر هەنگاوێک کرد کە ئاسايش و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ گەلانی ناوچەکە بەهێز بکات.