بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی دەکات و پشتیوانیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دووپات دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکی فەرمیدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئامادەیی حزبەکەشی بۆ سەرخستنی کابینە نوێیەکە دەربڕی.
سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا وێڕای هیوای باش بۆ عەلی زەیدی لەم ئەرکەیدا، رایگەیاند: "پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێز عەلی زەیدی دەکەین بەبۆنەی راسپاردنیان وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هیوای باشترین بۆ بەڕێزیان دەخوازین لەم ئەرکە گرنگەدا."
بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەتوانا و گشتگیر، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی ئێستا عێراقیان گرتووەتەوە. دەشڵێت: "هاوکاریی ئەو حکومەتە دەبین تاوەکو عێراق لەو قەیرانە ئابووری و ئەمنییانە دەرباز بکات کە رووبەڕووی بووەتەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەتی داهاتوو دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان، بەو ئاراستەیەی کە "خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و سەقامگیریی وڵات بکات".
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەدا بە فەرمی بەربژێرکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند و دواتر لەلایەن سەرۆککۆمارەوە راسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. سەرۆکوەزیران دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.