بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنیی کۆبانێ: رووبەڕووی تەنگژەیەکی جیدی بووینەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنیی کۆبانێ رایدەگەیێنێت، دوای ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییە و گەمارۆدانی ناوچەکە، ناردنی سووتەمەنی بۆ کۆبانێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنیی راستەوخۆی کردووەتە سەر ژیانی خەڵک.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، نێبۆ تەمۆ، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنیی کۆبانێ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، دوای گەمارۆدانی ناوچەکە، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کۆبانێ تووشی گرفت بووە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و کەرتی کشتوکاڵ دروست کردووە.
 
کەمبوونەوەی رێژەی سووتەمەنی
 
نێبۆ تەمۆ ئاماژەی بەوە کرد، پێش ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە و هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەر 2 رۆژ جارێک نزیکەی 20 تانکەر سووتەمەنی لە هەرێمی جەزیرەوە دەگەیشتە کۆبانێ. بەڵام دوای رێککەوتنی دوایی، لە ماوەیەکی درێژدا تەنیا 4 جار سووتەمەنی نێردراوە. 
 
تەمۆ گوتی: "ئێستا هەر 15 رۆژ جارێک تەنیا 15 بۆ 20 تانکەر سووتەمەنی دێت، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بەشی پێداویستییەکانی کۆبانێ ناکات."
 
بەپێی گوتەی ناوبراو، کۆبانێ رۆژانە پێویستی بە 6 تانکەری گەورە (هەر یەکەیان 40تۆن) هەیە تاوەکو بتوانێت پێداویستییە ئاساییەکانی دابین بکات.
 
مەترسی لەسەر وەرزی دروێنە
 
یەکێک لە مەترسییە هەرە گەورەکان لەم کاتەدا، وەرزی دروێنەی گەنمە. هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی هۆشداری دا کە جووتیاران بۆ ئامێرەکانی دروێنە پێویستیی زۆریان بە سووتەمەنیە و ئەگەر دابین نەکرێت، زیانێکی زۆر بەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکەوێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی
 
سەبارەت بە نرخەکان، نێبۆ تەمۆ ئاشکرای کرد، دوای کۆبوونەوەکانی نێوان (سادکۆپ) و حکومەتی کاتی، نرخی هەر لیترێک سووتەمەنی لە 5650 لیرەی سووری (0.45 دۆلار)ـەوە بۆ 0.75 دۆلار بەرزبووەتەوە. گوتیشی ئەم نرخە لە هەموو بەنزینخانەکان یەکخراوە و بە فەرمی جێبەجێ دەکرێت.
 
گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان و پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق
 
نێبۆ تەمۆ لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سووریا گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی راستی لە نێوان ئەوان و بەڕێوەبەرایەتیی وزەی پارێزگای حەلەب دروست نەبووە. 
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا 35 کارمەندیان هەیە و بەردەوام دەبن لە کارەکانیان تاوەکو پرسی یەکگرتنەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە روون دەبێتەوە.
 
هەروەها باسی لەوە کرد، دوای رێککەوتنەکانی مانگی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، سنووری دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی لە هەرێمی فورات تەسک بووەتەوە. پێشتر 50 بەنزینخانە لە ناوچەکانی کۆبانێ، سرین، قەنایە، عەین عیسا و چەلەبی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بوون، بەڵام ئێستا تەنیا 25 بەنزینخانە لە سنووری کۆبانێ لە دەستیاندا ماونەتەوە.