لە دەڤەری راپەڕین "برایمی قالەی" سەتان هەزار دۆلاری خەڵک دەخوات و هەڵدێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوشێوەی سلێمان هەڵشۆیی، کەسێکی دیکە بەناوی ئیبراهیم قادر کە بە "برایمی قالەی" ناسراوە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین پارەی خەڵک دەخوات و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێت. پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی گوت، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە کەسێکی دیکەی هاوشێوەی سلێمان هەڵشۆیی پارەی خەڵکی خواردووە و رایکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس سکاڵای تۆمارنەکردووە.
قوربانی شێخە قادر، یەکێک لەو کەسانەی کە مامەڵەی لەگەڵ ئیبراهیم قادر کردووە و ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "برایمی قالەی پارەیەکی زۆری خەڵکی خواردووە و ماوەی پێنج مانگە خۆی بزرکردووە و کەس نازانێت لەکوێیە." دەشڵێت، زانیارییان هەیە کە هەر لە کوردستانە، بەڵام شوێنی خۆی ئاشکراناکات.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو کەسەی پارەی خەڵکی خواردووە وەک بازرگانێکی نەوت و گاز خۆی ناساندووە. قوربانی شێخەش دەڵێت "لەلای خەڵک و ئەوانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ کردووە گوتویەتی من بازرگانێکی گەورەم و پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ حکومەت هەیە." دەشڵێت "بەو فێڵە پارەی لە خەڵک وەرگرتووە."
"زیاتر لە 100 دەفتەر دۆلاری خەڵکی لایە."
قوربانی شێخە قادر لەبارەی شێوازی مامەڵەکەی "برایمی قالەی" لەگەڵ خەڵکەکە ئاماژە بەوە دەدات "من خۆم خانوویێکم داوەتێ بایی دوو دەفتەر و 50 وەرەقەیە [25 هەزار دۆلار]، بەڵێنی ئەوەی دامێ کە دوای 8 مانگ پارەکە وەردەگرمەوە. بەڵام زیاتر لە ساڵێکە تەنیا 10 هەزار دۆلاری پێداومەتەوە."
ئەو کەسە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و بەتایبەت لە سنووری ناحیەی سەنگەسەری سەر بە قەزای پشدەر مامەڵەکەی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت بڕی پارەکە چەندە. قوربانی شێخە دەشڵێت "خەڵكێکی زۆر پارەی لای ئەو بازرگانەیە و حسابمان کردووە زیاتر لە 100 دەفتەر دۆلار [یەک ملیۆن دۆلار] دەبێت."
پۆلیسی راپەڕین: هیچ کەسێک سکاڵای تۆمارنەکردووە
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەنگۆیەکی زۆر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بڵاوبووەتەوە کە کەسێک پارەیەکی زۆری خەڵکی خواردووە و رایکردبێت. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای تۆمارنەکردووە."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە بڕیارە ئەو کەسانەی کە زەرەرمەندبوون ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی ئەو کەیسە بۆ رای گشتی ئاشکرابکەن.
رووداو زانیویەتی کە ژمارەی ئەو کەسانەی پارەیان خوارەوە و خۆیان ئاشکراکردووە 80 بۆ 90 کەس دەبن. قوربانی شێخە قادر دەشڵێت "ئەمڕۆ لە پارکی سەنگەسەر گردبوونەوەیەک دەکەین و بۆ رای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاشکرای دەکەین کە برایمی قالەی چەندی پارەی خەڵک خواردووە و چی کردووە."
ئاماژە بەوەش دەدات، بە چەندین شێواز مامەڵەی لەگەڵ خەڵک کردووە وەک "مامەڵەکردن بە ئۆتۆمبێل، خانوو، باخ،زەوی و زێڕ."
لە بەرنامەی بەرپرسیاری رۆژی یەکشەممە 18-07-2021 کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد، دوایین زانیارییەکان لەبارەی تەقەکردن لە ماڵی کەسوکاری سلێمان هەڵشۆیی و دۆسییەکەی کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە تاوتوێکرا.
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتی، لەسەر دۆسییەی سلێمان هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 300 هاونیشتمانی ناوی خۆیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا نووسیوە، لەو ژمارەیەش گوتەی هەزار و 100 کەس وەرگیراوە و دەشڵێت "مامەڵەی دۆسییەی سلێمان هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی لەگەڵ هاونیشتمانییان بە زیاتر لە هەزار دەفتەر دۆلار [10 ملیۆن دۆلار] دەخەمڵێندرێت."
سلێمان هەڵشۆیی، کە وەک بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و رۆژی 20-12-2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە.