ناوچەی هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لیستی یۆنسکۆ تۆمارکرا


رووداو دیجیتاڵ

ناوچەی هەورامانی تەختی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە ناوچەیەکی دیکەی پارچەکانی کوردستان کە نێوی چووە لیستی ناوچە شوێنەوارییەکانی رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەەکانەوە.
 
رووخساری کولتووری، نزیکی لە سرووشت و دێرینی ناوچەکە هۆکار بوون بۆ ئەوەی هەورامان وەک سامانێکی جیهانی بناسرێت. تیان شیوجین، بەرپرسی لیژنەی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆ دەڵێت، "رێگەم بدەن پیرۆزبایی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەم، بۆ دووەمجار لەم دانیشتنەدا، سەبارەت بەوەی کە ئەم ناوچەیە ناوی چووە لیستی شوێنەوار و سامانی جیهانییەوە".
 
ئەو بەشەی هەورامان کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر دوو پارێزگای کرماشان و سنەدا دابەشبووە، لە سنە دەکەوێتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، مەریوان، سنە و کامێران و لە کرماشانیش دەکەوێتە نێوان شارەکانی پاوە، جوانڕۆ و نەوسوود
نوێنەری ئێران لەکاتی دانیشتنەکاندا، بەتایبەت پیرۆزبایی لە خەڵکی کرماشان و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
 
ئەحمەد پاکەتچی، نوێنەری ئێران لە یونسکۆ دەڵێت، "بەناوی حکومەت و کۆماری ئیسلامیی ئێران و خەڵكی ئێرانەوە دەمەوێت سوپاسی لیژنەی شوێنەوارەکانی یونسکۆ بکەم بۆ ناساندنی ناوچەی کولتووری هەروامان وەک سامانی جیهانی. سوپاسی ئەوانەش دەکەم کە راپۆرت و دۆکیومنێتی دروستیان پێشكێش بە لیژنەکە کرد. هەروەها دەمەوێت ئەم دەرفەتەش بەکاربهێنم بۆ پیرۆزباییکردن لە خەڵکی ئێران لە ناوچەکانی کرماشان و کوردستان".
 
جگە لە هەوارمان، رۆژی دووشەممەش گردی مەلد لە نزیک شاری مەلاتیی باکووری کوردستان بە هەمان شێوە خرایە نێو لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە.
 
یونسکۆ لە 1965ەوە کۆمیتەی شوێنەوارە جیهانییەکانی دامەزراند و لەو کاتەوە ساڵانە لیستی ناوچە پارێزراوەکان وەک سامانی جیهانی زیاتر دەکات.