بەهۆی ئەگەری ئاگربەست لە غەززە نرخی نەوت دابەزی

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت رۆژی هەینی بەڕێژەی 1.5% دابەزی، بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چین، گەورەترین هاوردەکاریی نەوتی خاو و هەروەها ئەگەری ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 24 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 12 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 77 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 1% و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا نزیکەی 3%ـی بەهای خۆیان لە دەستداوە.
 
جۆرج خوری، ئابووریناسی سەر بە پەیمانگەی ( سی ئێف ئای)ی کەندەی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووریی ئەمریکا کە باشتر بوون لە پێشبینییەکان سەرەتا بوونە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردن لە نرخی نەوت."
 
ئەو ئابووریناسە دەڵێت، "ئاسۆی کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە بۆ بەکارهێنانی نەوت، دواجار گوشاری لەسەر نرخەکانی نەوت دروستکرد و بووە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت."
 
داتاکانی نووسینگەی ئاماری چین ئاماژە بەوە دەدەن کە قەبارەی هاوردەکردنی نەوت لەلایەن چینەوە لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا بەڕێژەی 11% دابەزیوە، ئەوەش نیگەرانی گەورەی لە بازاڕی نەوتدا دروستکردووە.
 
باب یاوگەر، شرۆڤەکاری بانکی ( میزوهۆ)ی ژاپۆنیش پێیوایە، خاوبوونەوەی ئابووریی چین بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زۆربەی کاڵاو کانزاکان.
 
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێدەچێت وتووێژەکانی ئاگربەست بۆ چەندین مانگ درێژە بکێشن، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا پێیوایە، کە دوو لایەن لە هەموو کات نزیکترن لە راگرتنی شەڕ، ئەوەش هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان بەتایبەتی لە گواستنەوەی نەوتدا.