لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە مێردین کەسێک گیانی لەدەستدا و 9ی دیکەش برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لە ئەنجامی پێکدادانی پاسێکی گواستنەوەی نێوشار و بارهەڵگرێک کەسێک گیانی لەدەستدا و 9ی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025 لە چوارڕیانی گەڕەکی پیشەسازی لە شارۆچکەی قۆسەر روویدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان پاسێکی گواستنەوەی نێو شار و بارهەڵگرێک پێکیاندادا. دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندروستی و بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە رووداوەکە 10 سەرنشینی نێو پاسەکە بریندار بوون و شۆفێرەکە لە نێو پاسەکەدا گیری خوارد.
بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانە جیاوازەکانی شارۆچکەی قۆسەر گوێزرانەوە. شۆفێری پاسەکەش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە رزگارکرا و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە.
یەکێک لە بریندارەکان بەناوی "ئا. ت." کە تەمەنی 65 ساڵ بوو، بەهۆی قورسی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە قۆسەر گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموز، 376 هەزار و 233 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، لە ئەنجامیاندا یەک هەزار و 401 کەس گیانیان لەدەستداوە و 226 هەزار و 535 کەس بریندار بوون.