نزیکەی 100 گوندی کۆبانێ لەژێر دەستی داعشدایە


رووداو - کۆبانێ

شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان یەکێکە لەو شارانەی پێشتر دانیشتووانەکەی لەبارەی ئەو رووداوانەی کە بەسەر گەلی کورددا هاتبوون رۆڵی بەرچاوی لە هەستی نەتەوەییدا هەبووە و میر جەلادەدەت بەدرخان، کە یەکێکە لە سەرکردە سیاسییەکانی کورد لەو شارەدا دەستی بە کارە سیاسییەکانی کردووە.

شاری کۆبانێ زیاتر لە 400 گوند لەخۆدەگرێت و ئێستاش نزیکەی 100 گوندی سەر بەو شارە لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدان و شەڕ و پێکدادانیش لە نێوان هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و چەکدارانی داعش لە دەروبەری ئەو شارە بەردەوامە.

خێزانێکی ئاوارەبووی کۆبانێش کە لە شارەکانی باشووری کوردستان نیشتەجێبوون باسی ئەوە دەکەن، کە ‌هێرشەکانی چەکدارانی داعش وای لێکردوون بەردەوام بەدەم کەناڵەکانی راگەیاندنەوە و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دابنیشن بۆ ئەوەی دوایین زانیاری لەبارەی شارەکەیانەوە بزانن. هەروەها گلەیی ئەوەش دەکەن کە میدیای عەرەبی لەئاست ئەو هێرشانەی کە داعش دەیانکاتە سەر کۆبانێ وەک پێویست کاریان نەکردووە.