لە کۆبانێ بەهۆی تەقینەوەی مین 8 منداڵ بریندار بوون
رووداو- هەولێر
لەگوندی بۆبانی سەر بە کۆبانێ، لەنێو منداڵان مینێک تەقیەوە. لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا 8 منداڵ بریندار بوون و رەوانەی روحا کران.
لەگوندی بۆبانی سەر بە کۆبانێ، منداڵان لەسەر رێگادا مینێکیان دۆزیوەتەوە و لە ئەنجامی دەستکاریکردنی، مینەکە تەقیوەتەوە.
بەهۆی تەقینەوەکە 8 منداڵ بریندار بوون. منداڵە بریندارەکانیش بریتین لە: شڤانی تەمەن 9 ساڵ، لاڤا 9 ساڵ، فەرزاد 10 ساڵ، محەممەد 6 ساڵ، ئیناس 6 ساڵ، رۆناس 8 ساڵ، مالڤا 7 ساڵ و بێریڤان موسا 7 ساڵ. بەپێی زانیاریەکانی رووداو منداڵەکان خزمی یەکترین.
پێنج لە منداڵەکان بەهۆی سەختی برینەکەیان، رەوانەی نەخۆشخانەی پرسووسی سەر بە شاری روحای باکووری کوردستان کران.
بەپێی ئاژانسی هاوار نیوزی نزیک لە پەیەدە، بارودۆخۆی هەریەک لە مەلڤا، بێریڤان، محەممەد و ئیناس موسا خراپە.