بانکی سەیدسادق لەسەر ڤیدیۆی سێ فەردە پارەکە هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بانکی سەید سادق لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند ئەگەر تەندروستی سلێمانی رێوشوێن بەرامبەر سێ لە کارمەندەکانی نەگرێتەبەر کە ڤیدیۆیەکیان تۆمارکردووە و تێیدا مووچەی نەخۆشخانەیەکی قەزاکە بەسەر دەرگای بانکەکە دەبەنە دەرەوە، ئەوا پەنا بۆ دادگا دەبەن.
بەڵێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری بانکی سەید سادق لە پارێزگای سلێمانی لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو بانکی قەزاکە بڵاوبووەتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "ئەوانەی کارەکەیان کردووە سێ کەسن و نازانین بۆ دەرگایەکیان بۆ بردنە دەرەوەی فەردە پارەکە بەکارهێناوە کە ئێمە دوو ساڵ دەبێت بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دامانخستووە و بەکاریناهێنین".
گرتەڤیدیۆکە لە سۆشیاڵمیدیا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، بەڕێوەبەری بانکەکە دەڵێت: "زۆر بەشێوازێکی ناشرین کارەکەیان کردووە و هەستدەکەم مەبەستی سیاسی لە پشت بێت بۆ ناشرینکردنم".
بەپێی گرتەڤیدیۆیەک کە لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوبووەتەوە، ئەو سێ کەسە سێ فەردە پارە، کە مووچەی فەرمانبەرانە، بەسەر دەرگایەکی داخراودا دەبەنە دەرەوە و پاشان خۆشیان هەر بەسەر دەرگاکە دەچنە دەرەوە.
بەڕێوەبەری بانکی سەید سادق گوتی: "رووداوەکە رۆژی شەممە 25ی ئەیلوول روویداوە و ئەو سێ کارمەندە لێژنەی وەرگرتنی مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتن لە قەزای سەیدسادق، لە دەرگای سەرەکی کە تاکە دەرگای هاتووچۆی ئێمە و سەردانیکارانی بانکەکەیە، هاتوونەتە ژوورەوە، بەڵام دوای وەرگرتنی پارەکە دەرگایەکی دیکەیان بەکارهێناوە، ئەو سێ کارمەندە یەکێتین و یەکێکیان ئەندامی کۆمیتەیە منیش لەپشکی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەبەرم بۆیە هەستدەکەم بۆ شکاندنەوەی من ئەو کارەیان کردووە، لێکۆڵینەوەکان دەبێت زیاتر دەریبخەن بۆ ئەو کارەیان کردووە".