وەزارەتی پێشمەرگە: 18 لیوای پێشمەرگە یەکخراون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لێژنەی باڵای رێکخستنەوەی میلاکاتی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو رایگەیاند هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی میلاکاتی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو لە یەکەکانی حەفتا و هەشتا تەواوبوون و ئەو دوو هێزە هێزی گەورەن و یەکخستنەوەیان پێویستی بەکاتە.
لیوا روکن کارزان شەقڵاوەیی، بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکی لێژنەی باڵای رێکخستنەوەی میلاکاتی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە رێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەیان بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوامە ئێستا 18 لیوای پێشمەرگەی رێکخراومان هەیە".
لیوا روکن کارزان شەقڵاوەیی، گوتیشی: "پێشتر دوو لیوای یەکەی حەفتا و دوو لیوای یەکەی هەشتا خرانە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوی هێزەکان دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. ئەم کارەش سەرکەوتوو بووە و لە رۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەی دیکە بۆ یەکخستنەوە دەکرێن و بڕیاری پێویست دەدرێن کە لەبەرژەوەندیی ئەم پڕۆسەیەدا دەبێت".
سەرۆکی لێژنەی باڵای رێکخستنەوەی میلاکاتی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو ئاماژەی بەوەدا: ئەو هێزانەی دێنە سەر وەزارەت ژمارەکانییان یەکدەخرێت و بەپێی ئەو سیستەمە دەبێت کە وەزارەتی پێشمەرگە پەیڕەوی دەکات.
خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش هەر لە سەرەتاوە بۆ یەکخستنی ئەو هێزانە هاتووەتە سەرخەت و پرۆژەیان هەیە، بەڵام وەک لیژنەی پێشمەگە لە پەرلەمان دەڵێن ئەوە ئیرادەی راستەقینەی حیزبەکانی دەوێت.
ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا هاوکاری وەزارەتی پیشمەرگە دەکەن بۆ چاکسازی رێکخستنەوەیان، بۆ ئەم مەبەستەش 35 خاڵیان داوەتە بەرپرسانی سەربازی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە خاڵەکان یەکخستنی یەکەکانی 70 و 80یە. بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوە قورسترین خاڵە ئەگەر بتوانن جێبەجێی بکەن، 34 خاڵەکەی دیکە ئاسان دەبێت.