نەوتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بۆ بازاڕەکانی جیهان دەنێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
لەدوای ئاداری ساڵی 2023 بۆ یەکەمجار نەوتی کوردستان رەوانەی بازاڕەکانی نەوتی جیهان دەکرێت. بەیانیی رۆژی شەممە، کاژێر 06:50 قوفڵی بۆرییەکان کرانەوە.
رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ رێوڕەسمی کردنەوەی بۆرییەکە بەڕێوەچوو.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە کاژێر 06:00 بەیانیی ئەمڕۆ هەناردەکردنەکە لە هەموو کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە."
رۆژی هەینی 26ی ئەیلوولی 2025 عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دەکرێت، 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەبێت و سامانە سرووشتییەکان سەرپەرشتیی بەکارهێنانی دەکات.