هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نرخی سووتەمەنی بەرزکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

سووڕاندنی سووکانی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەوتنەوە جووڵەی کێڵگە نەوتییەکان، گۆڕانکاری لە خواست و خستنەڕووی بۆرسەی سووتەمەنی دروستکرد و هەر زوو نرخی نەوتی سپی و گازوایل بەرزبووەوە.
 
شێروان ئەحمەد، بازرگانە و دەڵێت، "نەوت دەڕوات و خاو نامێنێت. پێنجشەممە، گاز بە 120 هەزار دینار بوو و ئەمڕۆ بە 130 هەزارە، نەوت بە 155 هەزار بوو، ئەمڕۆ بە 165 هەزار دینارە."
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 پاڵاوگەی سووتەمەنی هەن، ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە و زیانیان بەرناکەوێت لە پەنجەی دەست تێپەڕناکەن، بەڵام کاری بێ مۆڵەتەکان 70٪ کەمدەبێتەوە.
 
مەغدید عومەر، خاوەن پاڵاوگەیە و باس لەوە دەکات، "لەبەرئەوەی خاو نامێنێت کاری پێبکەین، کاریگەری زۆر دەبێت. لە هەمان کاتدا ئێمە لە ساڵانی 2008 و 2009 پاڵاوتگەمان داناوە و پشیوانێکی باشی حکومەت بووین بۆ ئەوەی قەیرانی سووتەمەنی دروست نەبێت."
 
نزیکەی سێ ساڵي، بە بەردەوامی لە نێو خەڵک دەگوترا نەوت دەڕوا و ناڕوا، دوواجار رۆیشت، بەڵام ئەوەی ترسی لەنێو خەڵک زیاد کردووە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپییە، چونکە لە پێنج مانگی داهاتوودا و بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان بەقەد مووچە خەڵکی پێویستیان بە نەوتی سپییە.