ژنێك بە هەڵە دەكرێتە پاڵەوان
رووداو – هەولێر
وێنەی ژنە شەڕڤانێك كە گوایە فەرماندەی YPGیەو لە كۆبانی سەركردایەتی شەڕ لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دەكات، لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە "هەڵە" بڵاوبووەتەوە. وێنەكە لەلایەن ئەو كوردانەوە كۆمێنتی پڕ لە جۆش و خرۆشی لەسەر نووسراوە كە لە هەوڵی ئەوەدان پەرە بە دۆزەكەیان بدەن، بەڵام ناتوانن زانیاریەكانیان پشتڕاست بكەنەوە.
لەبەرئەوەی رۆژنامەنووسان ناتوانن سەردانی بەشێكی زۆری گۆڕەپانی شەڕ لە عێراق و سووریا بكەن، چالاكڤانان روویان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردووە بۆ ئەوەی وێنە و هەواڵی شەڕەكە بگوازنەوە. بەڵام زۆرجار لە تاریكیی شەڕدا زانیارییەكان بەهەڵە بڵاودەكرێنەوە.
لە ماوەی رابردوودا وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوبووەوە گوایە وێنەی نالین عفرین، فەرماندەی هێزە شەڕڤانەكانی یەپەگەیە لە كۆبانی، ئەو شارەی كە دەكەوێتە سەر سنووری سووریا و توركیا و چەند هەفتەیەكە بەرەوڕووی گەمارۆی داعش بووەتەوە.
بەڵام لەڕاستیدا وێنەكە وێنەی یەكێك لە ژنە شەڕڤانەكانی یەپەگە بوو كە لە شارۆچكەی رەبیعەی عێراق لە نزیك سنووری سووریا گیرابوو.
ئەو وێنەیە لەلایەن مات سێتی-رۆبەرتەوە گیرابوو بۆ ماڵپەڕی شەڕ بێزارییە، كە ماڵپەڕێكی ئەمریكی پڕخوێنەرە. مات نەیتوانی ناوی شەڕڤانەكە وەربگرێت، چونكە ئەوكاتەی كە ئەو وێنەكەی دەگرت، ئەو شەڕڤانە خەریكی ئەركی سەربازیی خۆی بوو.
كێڤن نۆدڵ، كاری ئامادەكردنی وێنەكانی لە ئەستۆ بوو بۆ ماڵپەڕەكە، ئەو دەڵێت ئەستەمە ئەو وێنەیە وێنەی نالین عفرینی بووبێت.
ئەو دەڵێت زۆر ئەستەمە چەكدارێكی ئافرەت لە مانگی ئەیلول لە شەڕی دژە قەناسدا بووبێت لە عێراق و دواتر دەستبەجێ پلەی بەرزكرابێتەوە بۆ ئاستی ژەنەڕاڵ و سەركردایەتی شەڕی كۆبانێی گرتبێتە ئەستۆ.
"خەڵكی زۆر بە سۆزەوە وەڵامی هەندێك لە رووداوەكان دەدەنەوە كە لەسەر ئینتەرنێت دەیانبینن و لەگەڵ كەسوكار و هاوڕێكانی خۆیاندا شەیری دەكەن". ئەو هەروەها دەڵێت "بەڵام هەندێكجار بەبێ ئەوەی سەیری راست و دروستی زانیارییەكان بكەن، شتەكان شەیر دەكەن. سۆشیال میدیا شتێكی زۆر باشە، بەڵام لایەنی خراپیشی هەن".
دەربارەی وێنەكەی مات، كێڤن دەڵێت خەڵكی دەیانویست ئەو وێنەیە وێنەی نالین عفرینی بێت "ئەم ژنە لە ماوەی شەو و رۆژێكدا بوو بە پاڵەوان و كەس نەیدەزانی شێوە و رەنگی چۆنە. لەبەرئەوە خەڵكی دەیانەوێت شێوەیەكی بدەنە پاڵ، تەنانەت ئەگەر ئەویش نەبێت".
ئەو دەڵێت رۆژنامەنووسێك بەناوی كارڵ مالۆف، لەم هەفتەیەدا چەند وێنەیەكی نالینی لەسەر تویتەر بڵاوكردووەتەوە، دوای ئەوەی كە ئەو رۆژنامەنووسە لەگەڵ نالین چاوپێكەوتنی كردووە، ئەو وێنانە وێنەی راستەقینەی ئەون.
"چەند وێنەیەكی برادەرانمان بە هەڵە بەكارهێنراون لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان" ئەو دەڵێت "بۆ نموونە زۆر وێنەی ئاوارەكانی شنگال لەسەر ئینتەرنێت وا بڵاوكراونەتەوە كە گوایە وێنەی كۆبانین".
مات بە (رووداو)ی راگەیاند، وێنەكەی ئەو هەروەها فۆتۆگرافەرێكی یەپەگەی تێدا دەردەكەوێت. ئەو فۆتۆگرافەرەی یەپەگە تەنیا دوای چەند كاژێرێك لەگرتنی ئەو وێنەیەی مات، كوژراوە.
"چیرۆكی ئەم وێنەیە ئەوەیە كە من ئەم وێنەیەم بۆ وەرگێڕەكەم ناردبوو، ئەو لەسەر فەیسبووك داینابوو، لەوێشەوە كەوتبووە دەست كەسانی دیكە" مات وا دەڵێت.
زۆر ئەستەمە زانیاریت لەسەر ژمارەی قوربانی و كوژراوەكان و چۆنێتی ژیان لەژێر دەسەڵاتی داعشدا دەستبكەوێت.
بۆ سووریا، یەك سەرچاوەی هەواڵ هەیە، ئەویش تۆڕی چاودێری مافی مرۆڤی سووریایە كە لە بەریتانیاوە بە هاوكاری 200 چالاكڤان لە ناوخۆی سووریاوە بەڕێوەدەبرێت. هەرچەندە لەلایەن هەموو لایەنەكانەوە بە لایەنگریی كەسانی دیكە تۆمەتباركراوە، بەڵام تاوەكو ئێستاش زانیارییەكانی ئەو تۆڕە لەسەر ژمارەی كوژراوەكان بە دروستترین زانیاری ئەژمار دەكرێت لەلایەن رێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە.
وێنەی راستەقینەی نالین عەفرین